٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پایتەختی ئاشتی، هێشتا پارێزگارەکەی دەستی نەکردووە بە کار

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- دوای تێپەڕوبونی نزیكەی 11 مانگ بەسەر بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە و، پەسەندكردنی پرۆژەیاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئێستا هەڵەبجەییەكان نیگەرانن لەوەی كە تائێستا نەتوانراوە پارێزگار دەستبەكار ببێت.

ئیبراهیم خەلیل ــ کە خۆی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە ـــ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی پرۆژەیاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند كراوە و، هەنگاوێكی گرینگە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە كاری شێلگیرانە و خێرا بكرێت بۆ دروستكردنی چوارچێوە ئیدارییەکەی پارێزگا و دەستبەكاربونی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و گێڕانەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بۆ پارێزگای هەڵەبجە."
گوتیشی پێویستە حكوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە شێلگیرانە كار بكەن لەسەر قەرەبووكردنەوەی ماددیی هاووڵاتیانی زیانلێكەوتوی هەڵەبجە و دەوروبەرەکەی، هەڵبەت مافێكی ڕەوای خۆیشیانە. حكوومەتی عێراقیش پابەند بكرێت كە قەرەبووی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان بكاتەوە، چونكە حكوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حكوومەتە لەناوچووەکەی بەعسە.
عەزیز ئەمین لە نەهامەتییەکەی هەڵەبجەدا شەهیدی داوە، لە وەڵامی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ڕوونی كردەوە لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەم قۆناغەی هەڵەبجە كارێكی گرنگە، پرۆژەیاساكە پەسەند كراوە و، بڕە بوودجەیەكی تایبەتیشی بۆ تەرخان کراوە بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان و، حكوومەتی هەرێم دوابەدوای جێبەجێكردنی تەواوی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، ئاوڕێکی چاک لە پارێزگای هەڵەبجە بدەنەوە؛ بە چاوێكی جیاواز سەیری هەڵەبجە بكەن، چونكە لەچاو پارێزگاكانی دیكە زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری و دامەزراندنی ژێرخانی بەپارێزگابوون هەیە.
ئاماژەی بەوەش كرد هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان وەختی خۆی قوربانییەكی زۆریان داوە لەپێناو كورد و كوردستاندا؛ بووەتە نیشانەی ناساندنی گەلی كورد بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش؛ بۆیە زۆر گرنگە كە ئەگەر ناچەشتەکی (مەعنەوی)ـیش بووبێت خەڵکی هەڵەبجە و، كەسوكاری شەهیدانەکەی قەرەبوو بكرێنەوە، لەبەر ئەو قوربانیدانەی كە لەو پێناوەدا داویانە.
سنووری پارێزگای هەڵەبجە شارەدێی خورماڵ و سیروان و بیارە دەگرێتەوە؛ 120هەزار کەس زیاتریش لەوێ دەژین. پەرلەمانی كوردستان کردوویەتی بە پایتەختی ئاشتی؛ چەند شارەدێ و گوندێكی پارێزگای هەڵەبجە هاوسنووری ئێرانن؛ چەند مەرزێكی نیمەچەفەرمی و سەیرانگای بەناوبانگی لێیە، کە دەکرێ بیکەینە سەرچاوەی داهات.
ئاسۆ عەلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار