بەشارەتی: مەبەستیان تێکدانی گشت ڕێککەوتنەکانە

هەڵەبجە -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێ، ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان داواکارییەکمان نەکردووە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی سیاسی بێت و، سوورین لەسەر ئەو داواکارییەی خۆمان کە ڕێککەوتنی سیاسیی لەسەر کراوە، جا ئەگەر ئەوانیش سوورن ئێمە دەستمان نەگرتوون با حکوومەت ڕابگەینن..گوتیشی کە، یەکێتی و گۆڕان مەبەستیانە گشت ڕێککەوتنەکان تێک بدەن.
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داواکاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە قایمقامی دھۆک لە باتی قایمقامی ھەڵەبجە بدرێت بە پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئەمە نەگەڕانەوەیە بۆ ھەموو ڕێککەوتن و پەیوەندیانەی کە ئێمە لەسەر پۆستە ئیدارییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەمانە، چونکە دھۆک دھۆکە و، ھەڵەبجەیش ھەڵەبجەیە، بۆچی تێکەڵاوی پارێزگاکانی دیکەی بکەین؛ ھەر پارێزگایەک و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و، پێویست ناکا تێکەڵیان بکەن.
بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە گوتیشی، مەبەستی یەکێتی و گۆڕان ھەموو ڕێککەوتنەکان تێک بدەن، ئەگەرنا ئەوان دەنگیان چەندە تاوەکو ئەو جۆرە داواکاریانە بکەن.
(فازڵ بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە، ئێمە سورین لەسەر داواکاری خۆمان و داواکارییەکەی ئێمە بەدەر نییە لەو ڕێککەوتنەی کردوومانە و، ھەموو لایەنێک پێی ڕازی بوونە، ئێستاش کە پاشگەز بوونە ئەگەر بە ئەوان بێت پووشێک نادرێت بە ئێمە، بەڵام ھیچ لایەنێک بە تەنها ناتوانێ بڕیاری لەسەر بدات و، پێویستە ڕێز لە ڕێککەوتنەکان بگیرێت.
بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە ڕایشیگەیاند: بزووتنەوەی گۆڕان کە باس لەو دەکات داواکاریی پارتی لەجێی خۆیدا نییە، ئەوە ئێمە نین ئەو داواکارییەمان کردووە، خۆیان بەوە ڕازی بوونە کە ئێستا پێی دەڵێ نابەجێیە، بۆیە ئەگەر بە نابەجێی دەزانن با بۆ خۆیان پۆستەکان دابەش بکەن، لە ھەڵەبجە بزانین تا چەند سەرکەوتوو دەبن و، ئایا خەڵکی ھەڵەبجە پێی ڕازی دەبن و، جگە لەوەش بۆ ڕەوایە قایمقامی ھەولێر بە گۆڕان بدرێت و، ڕەوا نییە قایمقامی ھەڵەبجە بە پارتی بدرێت!
(بەشارەتی) ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمە سوورین لەسەر داواکارییەکەی خۆمان؛ جا ئەگەر ئەوانیش سوورن، خۆ دەستمان نەگرتوونە، با بزانین بەبێ ئێمە چۆنی ڕادەگەیێنن.
ئاخرقسەیش گوتی: "با ئەو لایەنانە وا بیر نەکەنەوە کە لەوێ پۆست وەردەگرن و، لێرە بێبەشمان دەکەن، ئەو کاتە ھەمووی ھەڵدەوەشێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




