سبەینێ سەرۆکوەزیرانی کوردستان تەواوی زانیارییەکان بە پەرلەمانتارانی کورد ڕادەگەینێت

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سبەینێی نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدادا، تەواوی زانیارییەکان دەدرێتە پەرلەمانتاران.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. ئەردەڵان نوورەدین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرکاتێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای نەوتوگاز داوایان لە نوێنەرانی کورد کرد بۆ کۆبوونەوە، ئەرکی خۆیانە بەشدار بن، بە تایبەتی لیژنەی نەوتوگاز لە بەغدا بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و لیژنەی باڵای نەوتوگازدا کۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەی لە دوا گۆڕانکارییەکان و ھەر بڕیارێکی نوێ، ئاگادار بکرێنەوە."
دکتۆر (ئەردەڵان نوورەدین) گوتیشی: "مەبەست لە کۆبوونەوەی سبەینێی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، تەواوی زانیارییەکان دەدرێت بە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد لە ھەموو ئەو بابەتانە ئاگادار بن کە لە ڕاگەیاندنەوە باس نەکراوە، چونکە ھەندێک بابەت ھەیە ناکرێت لە ڕاگەیاندنەوە باسی لێوە بکرێت."
گوتیشی، کورد ئێستا دەبێ لە ھەموو کاتێک تەباتر بن، چونکە ئێستا کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە، بۆیە ناکرێت ئێستا کێشە بدۆزینەوە بۆ بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا.
بڵند ئیبراھیم




