دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سووتەمەنی و پێداویستیی زستانەی بەسەر ١٥٠٠ خێزانی ئاوارەدا دابەش کرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستیی ڕۆژانە و زستانە بەسەر پەناخوازاندا؛ لە كەمپی 'باجدكەنداڵ' و، 'هەرشەم'ـیشدا سووتەمەنی و جلوبەرگ و پێداویستیی زستانە و پێداویستی خوێندنیان بەسەر 200 منداڵ و قوتابییە ئاوارە و 1500 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد.
21/2/2015 لە درێژەی كاروچالاكییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراك و پێداویستیی زستانە و جلوبەرگ و دەیان جۆری دیكەی پێداویستییان بەسەردا دابەش دەكات، لەو میانەشدا ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی باجدكەنداڵ لە هەڵمەتێكدا سووتەمەنی و بەتانی و جلوبەرگ و پێڵاویان بەسەر 1500 خیزاندا دابەش كرد.
لە كەمپی هەرشەمیشدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ پەیمانگای ماد بۆ زانستەكانی پەترۆڵ لە هەڵمەتێكدا شیر و پەڕۆک (دایبی) و پسكیت و، پێداویستیی خوێندنیان بەسەر (200) منداڵ و قوتابییە ئاوارەی كەمپەكەدا دابەش کرد؛ منداڵانی كەمپەكە گەلێک دڵیان پێی خۆش بوو.




