ئایا کورد لەم چڕەبەندانە سیاسییەی بەغدادا چاوەڕێی هەڵکردنی گلۆپی سەوزی پارە بێت؟ لایەنەکان قسەیان هەیە

هەولێر-KDP.info- بە زۆر شێوە ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدایان لێک داوەتەوە؛ ئایا کورد لەم چڕەبەندانە سیاسییەی ئەو ڕێککەوتنەدا ئیدی هەر چاوەڕێی هەڵکردنی گلۆپی سەوزی پارە بێت؟ یا ئەوەتا ڕێگایەکی دی بگرێتە بەر؟ هەندێ سەرکردەی پێنج پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەو ڕێککەوتنەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی دواون و، ڕێگاچارەکانیش دەخەنە ڕوو.

چنار سەعد: ئەگەر بەغدا پارەی نەنارد، ئێمەش نەوتی خۆمان هەناردە دەکەین
کورد لەگەڵ بەغدا پێک هات، عەرەبە شیعەکان گوتیان کە ئیدی گڵۆپی سەوز بۆ ڕێککەوتنێکی چارەنووسسازی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵکراوە، بەڵام لە پارەدا و ڕەوانەکردنی پشکی هەرێم، گڵۆپەکە هێشتا هەر سوورە، ئایا کورد لەم چڕەبەندانە سیاسییەی بەغدادا چاوەڕێی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی پارە بێت؟ یان ئیدی کاتیەتی کە نەوتی خۆی ڕەوانە بکات و، لە ڕێرەوی عێراقدا چیدی چاوەڕێی ئەو هەموو بەرگەگرتنەی کات نەکات؟ پێوەست بەم پرسەوە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. چنار سەعد عەبدوڵڵا) لە وەڵامی پرسیاری ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، وای دەبینێت کە، ئەم دۆخەی ئێستا گەلێک هەستیارە و پێویستە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ئابووری پێوەست بەو دۆخە پەیڕەو بکات کە زیاتر پشت بە توانای بەرهەمی ناوخۆی ببەسێت نەک دەوروبەر. هەڵبەت (چنار سەعد) بە باشی دەزانێت کە هەولێر جارێ بەینی لەگەڵ بەغدادا بمێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێوەندیی لەگەڵ دەرەوەی عێراق و نێودەوڵەتیش هەبێت بۆ ئەوەی لە هەموو لایەکەوە گەشە بە هەرێمی کوردستان بدرێت.
(د.چنار) دەڵێ، لە قازانجی هەرێم و بەغدادا نییە هەموو پێوەندییەکانیان بپچڕێنن. ئاماژەیشی کرد کە، "ئەگەر بێت و بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو و، وەک لە یاسای بوودجەدا هاتووە ئەوا پارەی هەرێمی نەنارد، ئەوکاتە ئێمەیش نەوتی خۆمانمان هەیە و، هەناردەی دەکەین؛ بەڵام ڕێگاچارەی سیاسی ئەوەیە کە بەغدا و هەولێر ڕێگایەکی دی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێوەندییەکانیان باشتر بکەن و، ڕێککەوتنەکە بگەیێننە سەر."
شێرکۆ جەودەت: بەغدا ٧٢ملیار دۆلار پاشکەوتی هەیە
عێراق دەمێکە لە قەیرانێکی قووڵی سیاسیدایە، بەڵام ئیستا کە کەوتووەتە نێو قەیرانی ئابوورییشەوە، زەحمەتە بەرگەی هەردوو قەیرانەکە بگرێت. (د. شێرکۆ جەودەت) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی و، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، ئاماژە بە خاڵێک دەکات کە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە باش دەزانێت ئەگەر بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە؛ بەڵام یەکڕاست دەڵێ ئەگەر ئەوان پارە نەنێرن، ئەوا ڕێگەچارەی باش و خێرا ئەوەیە کە هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت؛ ئەمەیش بڕیارێکە دەشێ پەرلەمان بە کۆدەنگی دەریبکات.
(د. شێرکۆ جەودەت) ئەگەرچی نەهاتە سەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە، بەڵام پێی گوتین "بەغدا ٧٢ملیار دۆلار پاشکەوتی لە بانکی ناوەندیدا هەیە، ڕاستە نابێ دەست لێی بدەن، لەبەر ئەوەی پارسەنگی دراوی عێراق دەپارێزێت، بەڵام پارەی دییش ھەیە ئەگەرنا لەبەرچی بۆ پارێزگاکانی دیکە ھەیە و، بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، خۆ عێراق دەوڵەتە و، دەتوانێ لە ئاست نێودەوڵەتیدا ڕێگاچارەی دیکە بدۆزێتەوە، هۆکارەکە پارە نییە، بەڵکە بێمتمانەییە."

بیلال سلێمان: باوەڕم بەوە نییە کە بەغدا دەڵێ پارەی نییە
هەندێ چاودێری سیاسی وای دەبینین کە تا ئێستا هۆکاری ئەو قسەی بەغدا ڕوون نییە کە دەڵێ پارەی نییە، وایشی بۆ دەچن کە شیکاری تەواو لە بابەت ئەو رێککەوتنە هێشتا نەکراوە کە هۆکاری پشتەوەی ئەو رێککەوتنە چییە؟ ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی (بیلال سلێمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی ئاگادار نین کە ھۆکاری نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە چییە و، بە ئێمەیان ڕانەگەیاندووە؛ باوەڕیشم بەوە نییە بەغدا دەڵێت پارە نییە، ڕەنگە ھۆکاری دیکە ھەبێت."

سەعدی پیرە: ئێستا هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک، خەریکی گفتوگۆنە
(سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نە بەغدا و، نەیش ھەرێمی کوردستان، هیچ کامێکیان لە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان پاشگەز نەبوونەتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هیچ لایەکیان پارەیان نییە و، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن، قەرز دەکەن، ئاخر داھاتی نەوت بە تەنیا بەش ناکات."
(سەعدی ئەحمەد پیرە) گوتیشی، "ھەرێمی کوردستان بیەوێت ھەر ھەنگاوێکیش بنێت پێویستە لێی بکۆڵێتەوە، بەبێ ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسی بکات؛ جارێ با چاوەڕوان بکەین، چونکە دۆخی بەغدا زۆر باش نییە؛ کە ھەردوو لا پارە قەرز دەکەن، دەشێ ھاوکاریی یەکتریش بکەن، بەشکەم لەو قەیرانە دەرباز ببن."
(پیرە) ئاماژەیشی دا کە، ئێستا بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەیەک گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە و، ناکرێت بە ھەڵەیەکی گەورە لێیان تێک بدرێت.
ئاشکرایشی کرد، حکوومەتی عێراق لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز نەبووەتەوە و، ھەرێمی کوردستانیش باش لەوە دەگات؛ ئەوەتا وەزیری دارایی کوردە و، ڕاستییەکەیش دیارە. عێراق دەشێ ھاوکاریی ھەرێم بکات لەو قەرزەدا و دەیشیکات.
محەمەد حاجی: ناکرێ چاوەڕێی رێککەوتنێک بین کە جێبەجێ نەکرێ
(د. محەمەد حاجی) بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەرێمی کوردستان بوودجەی پێویستە و، ئەگەر بەغدا دابینی نەکات و، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، پێویستە ھەرێم بیر لە شێوازی دیکە بکاتەوە بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکات و، چونکە ناکرێت چاوەڕوانی رێککەوتنێک بکەیت کە جێبەجێ ناکرێت.
(د. محەمەد حاجی) گوتیشی، ئەو ڕێککەوتنە بۆ ماوەی ساڵێکە، کە نەوتیان پێ دەدەین و، ئەوانیش پارەمان پێ دەدەن؛ کە ماوەی دوو مانگە پارە نەھاتووە واتا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت؛ خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەوە زیاتر ناتوانێ خۆی ڕابگریت، ئەگەر ھەنگاوی توندوتۆڵ نەنرێت و، بەغدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات.
(حاجی) ئەوەشی خستە ڕوو، "دۆخەکە بەم شێوەیە بمینێتەوە قەیرانی زۆر دروست دەبێت، نابێ لەوە زیاتر چاوەڕوان بین."
لە دەرەنجامی ئەو بابەتەدا دەگەینە ئەو ڕێگەچارەیەی کە ئەگەر کورد لە ڕێرەوی چڕەبەندانە سیاسییەکەی بەغدادا گلۆپی سووری بۆ ڕەوانەکردنی پارە بۆ هەڵبکرێ؛ بەڵام لە سیاسەتی ئابووریی هەرێمدا کە کلیلی نەوتی کەرکووک و نەوتەڵانەکانی هەرێم بە دەست کوردەوەیە، دەروازەی بەندەرکانی جیهانی گلۆپی سەوزیان بۆ کورد هەڵکردووە، کەواتە کورد لە قەیرانی دارایی دەردەچێت.
بڵند ئیبراھیم




