٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسەت: تورکیا پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێم پتەوتر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی (د.ساڵح مەلاعومەر) لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بۆ تورکیا دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە راکێشانی بۆریی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا سەرکەوتوو بوو، هەڵبەت نەوتی کەرکووکیش تەنیا رێگەیەکی هەبێ بۆ رەوانەکردنی، بۆرییەکەی نەوتی هەرێمە. گوتیشی، تورکیا پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێم پتەوتر دەکات.


ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئانکارا و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا کۆ بووەوە، سەردانەکە قسە و باسی زۆری بەدوا خۆیدا هێنان و گرینگترین ڕەنگە ئەوە بێ کە، دەستکەوتی ئابووریی شاندی کوردی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە تورکیا چین؟ مەبەستی سەردانەکە بۆچی بوو؟ ئایا پیوەندییەکانی تورکیا و هەرێم دەچێتە چ قۆناخیکی دیکەی ئابووری و سیاسییەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند تەوەرێکی دی، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین و چاودێری سیاسی (د.ساڵح مەلاعومەر) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، مەبەست لە سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ تورکیا ئەوەیە کە پێوەندی نێوان حکوومەتی ھەرێم و تورکیا لەسەر بنەمای دۆستایەتی و رێزگرتن بچێتە قۆناخێکی دیکەی پێشکەوتووترەوە؛ هەڵبەت پێشتریش (نێچیرڤان بارزانی) چەندین سەردانی دیکەی بۆ تورکیا ئەنجام داوە و کەسی یەکەمی تورکیا پێشوازی لێی کردووە، لەم سەردانەیشدا چەندین بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، لەوانە رەوشی عێراق و ناوچەکە و شەڕی داعش و بەھێزکردنی پێوەندیی بازرگانی نێوان ھەردوو لا، هەڵبەت تورکیا رۆڵێکی ستراتیژی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە.

(ساڵح مەلاعومەر) جەخت دەکاتەوە کە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە ڕاکێشانی بۆریی نەوت بۆ تورکیا سەرکەوتوو بووە و، حکوومەتی بەغدایش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە نەبێت بە هیچ رێگەیەکی دیکەدا رەوانە ناکرێت، بۆیە بەغدا داوای رێککەوتنی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
ڕەنگە مەبەستی ئەو مامۆستایەی زانکۆ و چاودێرەی سیاسەتە ئەوە بێ کە، هێڵی بۆریی نەوتیی هەرێم کە بە تورکیاوە بەستراوەتەوە، لە یەک کاتدا بەغدا و ئانکارا ناچار دەکات، مل بۆ هەندێکی خواستی هەرێمی کوردستان بدەن لە هەناردەکردنی نەوتەکەی و هەولێریش هەنگاوی گرینگ لە سەربەخۆیی ئابووریدا بنێ.

هەڵبەت ئەو مامۆستایەی زانکۆ نایشارێتەوە کە، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا تا ئاستێک پێوەندی بە کێشەکانی ھەرێم و بەغداوە ھەیە، چونکە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئەو سەردانە لە ماوەیەکی کەمی دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا ئەنجام درا، بەڵام ئەگەر سەردانەکەی بەغدایش نەبوایە، سەرۆکی حکوومەت هەر ئەو سەردانەی بۆ تورکیا ئەنجام دەدا. چونکە وەک (د.ساڵح) دەڵێ، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ویستوویەتی پێوەندیی باشی لەگەڵ  تورکیادا ھەبێت.

ئەو چاودێرەی سیاسەت ئەوەیشی خستە ڕوو کە، باشبوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و ئانکارا ھیچ کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، چونکە ھەرێم و ئانکارا رێککەوتنێکی درێژخایەن لەنێوانیاندا هەیە و ئەو رێککەوتنە ھیچ پەیوەندی بەوەوە نییە کە رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا؛ ڕوونە کە پێشتریش بەغدا رازی نەبووە بەو رێککەوتنەی نێوان ھەرێم و ئانکارا، بەڵام لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور ھەرێمی کوردستان مافی رێککەوتنی ھەیە، تورکیا رازی بووە؛ ھەر بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ھیچ پەیوەندی بە رێککەوتنی ھەرێم و ئانکاراوە نییە.

دکتۆر(ساڵح مەلاعومەر عیسا) گوتیشی، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و ئانکارا لە بەرژەوەندیی تورکیایشدایە، چونکە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکات، بۆیە تورکیا کارێک ناکات کاریگەری بکاتە سەر ئەو رێککەوتنە؛ نەوتی کەرکووکیش جگە لە بۆریی ھەرێم ناتواندرێ ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بە ھۆی ئەو پەیوەندییە ئابوورییەیشەوە، ھەولێر و ئانکارا پەیوەندییەکانیان نەک بەو شێوەیە دەمینێنەوە، بەڵکو زۆر بەرەو پێشتر دەچن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار