٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕەنگە بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچێت.. تەواونەبوونی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە نیگەرانی ناوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  هەشت ساڵە بەردی بناغەی نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دانراوە و بە هۆی تەواونەبوونیشیەوە، نیگەرانیی توندی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەی لێ دەكەوێتەوە و، کۆمەڵەی قوربانیانیش دەڵێت، ئەگەر بارودۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو ئەوان لێی بەرپرسیار نین.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە 16/3/2007ـەوە بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كییمایی لە هەڵەبجە دانراوە، هەرچەندە بڕیار بوو لە ماوەی 450 ڕۆژدا ئەو نەخۆشخانەیە تەواو ببێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیكەی هەشت ساڵ هێشتا ئەو نەخۆشخانەیە تەواو نەكراوە و نەتوانراوە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی وەك پێویست سوودی لێ ببینن. لەكاتێكدا بوودجەیەكی زۆر تەرخان دەكرێت بۆ ناردنەدەرەوەی بریندارانی چەكی كیمیایی بۆ ئیران.

گوتیشی، "هیچ نەماوە دەربارەی ئەو نەخۆشخانەیە بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی بڵێین و كار گەیشتووەتە ئەوەی كە سكاڵای یاساییش لەسەر كۆمپانیای جێبەجێكار تۆمار بكەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوان لایەنێكی نێو گرێبەستەكە نەبوون، دادگا سكاڵاكەی ڕەت كردووەتەوە."

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە جەختی كردەوە، "دواكەوتنی كردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە نیگەرانیی توندی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لێ‌كەوتووەتەوە، بەتایبەت وا نزیك دەبینەوە لە یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە، بۆیە ئەگەر بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو ئەوان لێی بەرپرسیار نین؛ چونكە چەندین جار نیگەرانی بەركەوتوانیی بەرکەوتووانی چەكی كیمیاییمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان."

بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، 254 كەس وەك برینداری چەکی كیمیایی ناویان تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش نزیكەی 90 برینداریان بە هۆی سەختیی برینەكانیانەوە گیانیان لە دەست داوە.

ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار