٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە لە حەسەن شام، ناوەران، خازر، باشیك تیرۆریستانیان تێک‌شکاندن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  تیرۆریستانی داعش، شەوی ڕابردوو، لە حەسەن شام، ناوەران، خازر و باشیک هێرشیان هێنایە سەر هێڵی بەرگریی هێزەكانی پێشمەرگە و لە کۆی میحوەرەکانیش تیرۆریستانیان تێک‌شکاندن و زیانێكی زۆریان لێ دان.

بەرپرسی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك(حەمید ئەفەندی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، تیرۆریستانی داعش درەنگانی دوێشەو لە میحوەری باشیكەوە هێرشێكی بەربڵاویان هێنایە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، کە لە نێوان مسقۆف تا گوندی قۆپانێ بوو، بەڵام هەرزوو‌ پێشمەرگە لییان هاتنە دەست و توند بەرپەرچیان دانەوە و هێرشەکەیان وەكو گشت هێرشەكانی تریان، پاش سەعاتێك شەڕ تێكشكاندن و بە سەرشۆڕی گەڕانەوە مۆڵگەکانیان.
(حەمیدئەفەندی) لەبارەی زیانەكانی تیرۆریستانەوە گوتی، تیرۆریستانی داعش كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەیە، هەڵبەت لە شوێنی بەرپەرچدانەوەکە خوێنێكی زۆری داعشان ڕژاوە و لاشەیشیان پێ جێهێڵراون، بەڵام ئامارێكی تەواو پێوەست بە کوژراوانیان لەبەردەست نییە.


لە لایەکی دیکەوە جێگری فەرماندەی سوپای چواری هێزی زیرەڤانی لە میحوەری حەسەن شام عەمید(هادی هەڵەبجەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: درەنگانی دوێشەو تیرۆریستانی داعش لە دوو قۆڵەوە هێرشیان هێنایە سەر پیشەوە و ناوچەی زەهرا خاتوون، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە هەر زوو و لە ماوەی نیوسەعاتدا لە هەردوو قۆڵەوە تێكشكێندران.
بە گوتەی (عەمید هادی)، لەو بەرپەرچدانەوەیەی پێشمەرگە قارەمانەکاندا، توانراوە زەرەر و زیانی زۆر بە تیرۆریستان بگەیەن و كوژراو و برینداریان پێ بدەن.

لە قۆڵی ناوەرانیش وەک جێگری سوپای سێ‌ی زێرەڤانی عەمید(حوسێن عەلی بلانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: دوێشەو تیرۆریستانی داعش هەندێ‌ جموجۆڵیان هەبوو، خۆیان لە چەند خاڵێكی هێزەکانی نزیک کردەوە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكانمان وەڵامێكی توندی تیرۆریستانیان دایەوە لە جموجۆڵیان خستن.
عەمید(حوسێن عەلی بلانی) گوتیشی، تیرۆریستان وەک پیشەی پێشووتریان بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ژمارەیەكی زۆر تایەی ئۆتۆمبێلیان ئامادە کردبوو بۆ سووتاندن تا فڕۆكە جەنگییەكان نەیانبینێت و بەکرێنە ئامانج.
هەر دێشەو داعش لە میحوەری خازر دەیانەویست هێرش ببەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان  لەو میحوەرەدا بە توندی وەڵامی ئەوانیان دایەوە و لە ئەنجامدا 24 تیرۆریست كوژران و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون و،  7 ئۆتۆمبێلی هەمەریش سووتێنران.

موقەدەم (جادر سلێمان) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: هێرشەکەی دوێشەو نزیكی سەعات 10 بوو کاتێک تیرۆریستانی داعش بە هێزێكی زۆرەوە و بە سوود وەرگرتن لە كەش و هەوا لە حەسەن شام و چیای زەرتك هاتنە پێشەوە و دەیانەویست دەست بەسەر حەسەن شام و چەند شوێنێكی دیكەدا بگرن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە مەیدانی شەڕی لێ کردنە ئاگر و زیانێكی زۆریان بە تیرۆریستان گەیاند و، پاش شەڕێكی 2 سەعاتی، دەرکەوت کە زیاتر لە 24 تیرۆریست كوژراون و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە 7 ئۆتۆمبێلی هەمەر سووتێنران، هەڵبەت نەیشیانتوانی یەك بست بێنە پێشەوە.

نەشوان بەرزنجی 

هەواڵی پەیوەندیدار