٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵبژاردن نوێنەری کاکەییەکان دەبڕێتەوە؛ پارتییش پابەندی بەڵێنەكەیەتی

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەمەبەستی هەڵبژاردنی كەسێك وەك نوێنەری كاكەییەكانی هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی كورسیی كۆتای ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، هەڵبژاردنی كاكەییەكانی دەستی پێكرد و، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ ئەنجانی هەڵبژاردنە ڕابگەیەنرێت؛ پارتیی دیموكراتی كوردستانیش سوورە لەسەر پێدانی كورسیێك لە پشكی خۆی بە كاكەییەكان.

(ئەردەلان كاكەیی) یەكێك لە كاكەییەكانی هەڵەبجەیە و ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بەمەبەستی دیاریكردنی كەسێك وەك نوێنەری كاكەییەكانی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان هەڵبژاردنی تاییبەت بە دیاریكردنی كاندیدی كاكەییەكانیان دەستی پێكردووە.
گوتیشی، هەڵبژاردنەكە تا چواری ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و، تەنیا ككاكەییەكانی هەڵەبجە و دەوروبەریشی مافی دەنگدانیان هەیە. بۆ ئەو مەبەستەیش 11 پیاو خۆیان هەڵبژاردووە و هیچ ئافرەتێک کاندید نییە.
ئەو دەنگدەرەی كاكەییەكان گوتیشی، کاکەییەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە كاندیدەكەی خۆیان دیاری بكەن، بۆئەوەی كەس ڕەخنە لەوە نەگرێت كێ‌ دەبێتە نوێنەری كاكەییەكان، بۆیە ئەو كەسەیشی دەبێتە نوێنەر دەبێت بەبێ‌ جیاوازی خزمەت بە هەموو هەڵەبجە و كاكەییەكان بكات.
لەلایەكی دیکەوە (فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، ئەوەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دووپات كردەوە كە، ئەوان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی كە بە كاكەییەكانی هەڵەبجەیان دابوو بە پێدانی كورسیێكی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پشكی پارتی، بۆ ئەو مەبەستەش كەسێكی كاكەیی دەكەنە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە.

ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار