٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: ڕێ نادەین هیچ هێزێکی دی بێتە نێو کەرکووکەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزیری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، کەرکووک کوردستانییە و ڕێ بە هیچ هێزێکیش نادەن بێتە نێویەوە، مەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان نەبێ؛ ئاخر پێشمەرگە لەپێناوی پاراستنی پێکهاتەکانیدا خوێنی بۆی ڕشتووە.

لە پێوەندیێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، وەزیری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، جەختی کردەوە، "بێچەندوچوون کەرکووک کوردستانییە و لەم دۆخەیشدا، بۆ پاراستنی ئاسایش و پێکهاتەکانی سەدان پێشمەرگە بوونەتە قوربانی."
ئەم لێدوانەی (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، پاش ئەو پڕۆپاگەندانەیە کە، گوایە لە هەوڵدایە بچیتە نیو کەرکووکەوە و بێ هیچ هەماهەنگیێک لە شارەکەدا خۆی بسەپێنێ.

 

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) جەخت دەکاتەوە، "ئێمە پێشمەرگەی کوردستانین و پاریزگاری لە کۆی پێکهاتەکانی کەرکووک دەکەین کە کوردستانییە، بە هیچ پاساو و لەژێر هەر ناوێکیشدا ڕێ نادەین، هێزی دیکە بێنە نێو کەرکووکەوە.
چونکە پێشمەرگە بۆ دنیای سەلماندووە کە دەتوانن ناوچەکانیان بپارێزن و عێراقیش بپارێزن. ئەگەر بڕیار بێ پێویستمان بە هێزی دیکە هەبێ، ئەوا دەبێ بە هەماهەنگی بێ لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، هەر پڕۆسەیەکی سەربازییش لە ناوچە کوردستانییەکان بە فەرمانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانی دەبێ، جگە لەمە هەر دەستتێوەردانێک ڕەت دەکەینەوە."
ڕوونیشی کردەوە کە، حکوومەتی هەولیر لەگەڵ حکوومەتەکەی بەغدادا، پێوەست بە دۆخی سەربازی و جەنگان دژ بە تیرۆر ڕێککەوتنی هەیە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار