٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

72 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵكە هەژارەکەی کەلاردا دابەش کرا

سەرچاوە: KDP.info

کەلار ــKDP.infoــ ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و، نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگرەكەی و، قایمقامی كەلار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی گەرمیان، لە مەراسیمێكدا 72 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر هەژاراندا دابەش كرا.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا، (سەلاح كوێخا) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتەیەكی پێشكەش كرد و، ڕایگەیاند: "رژێمی بەعس کاتی خۆی گەرمیانی کاول کردبوو؛ گەرمیان قوربانییەکی زۆری داوە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر دەستی كابینەکانی حكوومەتی هەرێم لە هەموو بوارێکدا ئاوەدان بووەتەوە."
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ماوەیە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە پێناو خزمەتكردنی چینی كەمداهات لەسەر بوودجەی خۆی ئەم 72 وارخان (شوقە)یەی لە شاری كەلاردا دروست كردووە كە ئەمڕۆ دابەش دەكرێت. لە شارۆچکەی خانەقینیشدا 36 وارخان تەواو بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەر هەمان بوودجە ئێستا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کاروکردەوەی دروستكردنی 456 وارخان لە بواری جێبەجێكردندایە.
سەلاح كوێخا ئاماژەی بەوەش دا، بەم پڕۆژانەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كێشەی نیشتەجێبوون لە سنووری گەرمیان تۆزێک چارە دەبێ.
دواتر بە ئامادەبوونی سودمەندبووان، ژمارەی 72 وارخانەكە بە شێوازی تیروپشك بەسەریاندا دابەش كرا؛ 36 وارخان تایبەت بوو بە فەرمانبەران و 36ـەکەی تریشیان تایبەت بوو بە چینی هەژار.
پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا (دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند: "سەرەڕای جەنگی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و، لەو چوارچێوەیشەدا لە كاروانی دووەمدا ئەو یەكانەی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە بواری جێبەجێكرندان، تەواو دەبن و، بەسەر سوودمەندبوواندا دابەش دەكرێ.
ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای قەیران، لەمەولا هەوڵ دەدەن بە پلانی ستراتیژی پڕۆژەی زیاتر لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە گشتی جێبەجێ بكەن، بە تایبەت چاككردن و بە دووسایدكردنی جادە سەرەكییەكان.
ئەو یەكانە هەر یەكە و، نرخی 30 ملیۆن دینارە و، بەبێ پێشەكی دەدرێت بە سودمەندبووان و، بە قیستی درێژخایەن كە مانگانە كەمترە لە 100 هەزار دینار پارەكەی دەدرێتەوە بە حكوومەت.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار