حەفتەی دابێ ئاو و كارەبا بۆ وانكی دابین دەكرێت

وانکێKDP.info- بەرپرسی لێژنەی ناوچەی وانكێ (سەید مسلیم) دەڵێ، لە حەفتەی دابێتەوە، كارەبا و تۆڕی ئاو بۆ شارۆچكەی وانكێ دابین دەكرێت.
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی لە شارۆچكەی وانكێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی شارەدێی وانكێ لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاد كرا و، لە تیرۆریستانی داعش پاك كرایەوە، لەو كاتەوە ڕاستەوخۆ تیمی ئەندازەی دانان و هەڵگرتنەوەی مین لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بە هەڵمەتی هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی مینە چێنراوەكانی داعش لە ناو شارەدێی وانكێ كرد و، تا ئێستا زیاتر لە 500 مینی چێنراوی پووچەڵ كردووەتەوە؛ هەڵمەتەكە ئەوەندەی نەماوە و بەم نزیكانە شاردێكە بە تەواوەتی لە مین پاك دەكرێتەوە."
(سەید مسلیم) دەڵێت: "لە حەفتەی دابێتەوە، ئاو بۆ ماڵان دابین دەكرێت و، كارەبایش لە بەنداوی مووسڵەوە بۆ وانکێ ڕادەكێشرێت."
لەبارەی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی شارەدیێ وانكێیشەوە گوتی: "شارەدێی وانكێ دانیشتووانی لە دووهەزار خانەوادە پێك دێت و، ئامادەكاری كراوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ شارۆچكەكەیان، هاوكات ڕاستەوخۆ دوای دابینکردنەوەی كارەبا و ئاو، ئەو خانەوادانە سەرجەمیان دەگەڕێنەوە.
هەژار مەموزینی




