600 داعش لە شنگال كوژراون و بە هەزارانیش بریندار بوونە

شنگال-KDP.info-بەرپرسی میحوەری شنگال ڕایگەیاند، لە شەڕی ئازادكردنی شارەدێی سنوونێ و بەشێكی شنگالدا، تا ئێستا زیاتر لە 600 چەكداری داعش كوژراون و، بە هەزارانیش بریندار بوونە و، بە دەیان تەرمیشیان كەوتووەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە.
(هاشم سیتەیی) ئامر لیوای هەشت و بەرپرسی میحوەری شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لە شەڕی ئازادكردنی شارەدێی سنوونێ و، بەشێكی شنگال تا ئێستا زیاتر لە 600 داعش كوژراون و، بە هەزارانیش بریندار بوونە؛ ڕۆژیش نییە لێیان نەکوژرێت و، برینداریان نەبێ؛ هەر لەو 15 ڕۆژەدا، لەوەتەی ئێمە چووینەتە ئەو میحوەرە، زیاتر لە 50 تیرۆرست كوژراون و، بە سەدانیش بریندار بوونە؛ لە پێرێوە بەردەوام هێزەكانی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگە و بارەگانی داعش بوردومان دەكەن، لەو بوردومانەیشدا تیرۆرستێکی زۆر كوژراون."
(هاشم سیتەیی) گوتیشی: "ورەی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال زۆر بەرزە و، لە هەموو ڕوویەكەوە لە ئامادەباشییەکی تەواودان؛ هەر کە فەرمانمان پێ بكرێت، بە شەووڕۆژێكدا شنگال و، ئەو ناوچانەی ماون ئازادیان دەكەین."
ڕابین شێروانی




