مینا سامی: لایەنەکان دەشێ لە دەرەوەی ئەنجوومەن کێشەکانیان چارە بکەن

سلێمانی-KDP.info-ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستانی دەڵێ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و، بزووتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنێکی سیاسییان لەنێو خۆیاندا کردووە و، بە نایاسایی لەناو ئەنجوومەن جێبەجێی دەکەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەفڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (مینا سامی) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانی ڕێککەوتنیان کردووە و، کێشەکان لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا و، لەوێدا کێشەکانیان یەکلایی دەکەنەوە کە ئەمەیش یاسایی نییە و، دەتوانن کاندیدەکانیان بۆ ئێمە ڕەوانە بکەن و، ئێمەیش دەنگی لەسەر دەدەین نەک لەناو ئەنجوومەندا کێشەکان چارە بکەن."
(مینا سامی) گوتیشی، ناکرێت کاروباری حزب بێنن بۆ ناو ئەنجوومەنی پارێزگا، دەشێ لە دەرەوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ ھەر پۆستێک دەیانەوێت پڕی بکەنەوە نەک لەناو پارێزگادا، چونکە ئەمە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیگەران کردووە و، پێچەوانەی یاسایشە.
(سامی) ڕوونیشی کردەوە، خەڵکی سلێمانی توانای قەیرانی دیکەیان نییە، چونکە تاوەکو پارێزگار ھەڵبژێردرا، چەندین مانگی خایاند، بۆیە پێویستە قەیران لەناو ئەنجوومەن دروست نەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




