٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئۆجەلان: ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم دیار و بەرچاوە و پێویستە هەر چوار پارچەی كوردستان پشتگیری لێ بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدار (عوسمان ئۆجەلان) دەڵێ، رۆڵی سەرۆكی هەرێم دیار و بەرچاوە؛ (سەرۆك بارزانی) توانیویەتی بارێكی گران هەڵبگرێت و سەركردایەتیی نەتەوەی كورد بكات و  بەردەوام هەوڵ بۆ یەكگرتنی ناوماڵی كورد دەدات، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی كورد سەربكەوێت و بەرەو خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەت بوون بچێت.

(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری كورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: شەڕی داعش، شەڕێكی گەورەیە، پێشمەرگە تەجروبەیی 100 ساڵی لە پشت خۆ جێ‌هشتووە، بۆ سەدەیەك دەبێت بەردەوام لە پێناو رزگاریی گەلی كورد، شەڕ لەگەڵ دووژمن دەكات، چەند دووژمن بێتە بێشەوە ئەوەندە بەهێزتر دەبێت، وەك ئەوەی لە شۆڕەشی ئەیلوول بینیمان، لە سەرەتای هاتنی داعش بۆ ماوەیەكی كەم پێشمەرگە زەحمەتێكی زۆری بینی، بەڵام  دواتر سەنگەرەكانی خۆی توند كرد و داعشی ڕاونا و توانی لە ماوەیەكی كەمدا رووبەرێكی زۆری كوردستان ئازاد بكات، رۆژ بە ڕۆژیش ورەی پێشمەرگە بەرز دەبێتەوە و بەپێی داخوازیی پێشمەرگە شەڕ بەرێوە دەچێت؛ هەتا پێشچوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانێ، شەڕڤانان نەیانتوانی كۆبانێ بەتەنیا بپارێزن، بەڵام پاش چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، هاوسەنگیی هێز گۆڕا و توانییان كۆبانێ و زۆربەی گوندەكان لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە".

(عوسمان ئۆجەلان)  گوتیشی: "رۆڵی سەرۆكی هەرێم دیار و بەرچاوە و (سەرۆك بارزانی) توانیویەتی بارێكی گران هەڵبگرێت و سەركردایەتیی نەتەوەی كورد بكات و، بەردەوام هەوڵ بۆ یەكگرتنی ناوماڵی كورد دەدات، لە هەمانكاتیشدا هەوڵ دەدات پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ كورد بە دەست بهێنێت، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) بكەن، بۆ ئەوەی كورد سەربكەوێت و بەرەو خەونی سەربەخۆیی و دەوڵەت بوون بچێت، لە شەڕیش لە سەنگەرەكانی پێشەوەیە و لەگەڵ پێشمەرگە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات و پێشمەرگایەتی و (سەرۆك بارزانی) لێك جیا نابنەوە و هێز و توانایەكی دیكەی داوەتە هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی رۆژ بە رۆژ سەركەوتن بە دەست بهێنن، من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئەو نەبووایە كوردستان  ئێستا لە ژێر هەرەشەیەكی گەورەدا دەبوو و خوێنێكی زۆر دەڕژا".

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار