٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ كەسوكاری شەهیدان یادی هەڵەبجە دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- هەر دوابەدوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسایی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكانی هەڵەبجە وا خەریکن خۆیان گورجەوە دەکەن بۆ 27ـەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە؛ كەسوكاری شەهیدانیش خوازیارن ئەمساڵ خۆیان یادەكە بكەنەوە.

(لوقمان عەبدولقادر) سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك ئامادەكاریەك بۆ یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە كە هەموو ساڵێك لە 16/3ـدا ئەو یادە دەكرێتەوە؛ قایمقامی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری یادگار (مۆنۆمێنت)ـەکەی هەڵەبجە و، نوێنەری كەسوكاری شەهیدان چەند لایەنێكی پەیوەندیداری دیکە، تایبەت بەو بۆنەوە کۆ بوونەتەوە و باسی چۆنیەتیی یادكردنەوەکەی ئەمساڵی كیمیابارانی هەڵەبجەیان کردووە."
ڕوونیشی كردەوە كەسوكاری شەهیدان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، زۆریان بۆ كۆمەڵەی قوربانیان هێناوە كە بۆ ئەمساڵ كەسوكاری شەهیدان خۆیان 27ـەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەرز ڕابگرن؛ بە تایبەت كە وەختی خۆی ڕاپۆرتێک لەسەر بەهەدەردانی بڕێكی زۆر پارە بڵاو كرایەوە لە یادی 25 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا.
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە گوتیشی لەبەر ئەوەی تائێستا وەك پێویست كێشەی كەسوكای شەهیدان چارە نەکراوە و، کۆمەڵێکیان هێشتا زەوییان پێ نەدراوە، لە یەكەم كۆبوونەوەی ئامادەكاری بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەو بابەتەیان خستووەتە بەر چاوی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم.
ئاسۆ عەلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار