٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاسایشی کەرکووک: بەڵگەمان لایە دادگای کەرکووک تیرۆریستی ئازاد کردووە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  بەرپرسی ھۆبەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک ڕایگه‌یاند، دەیان بەڵگە و نموونەمان لایە کە دادگای کەرکووک تیرۆریستی ئازاد کردووە، کەچی کەرەستەی تەقینەوەی پێ بووە.

(فەرھاد حەمەعەلی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دادگای کەرکووک تیرۆریست بەرەڵا دەکات كه‌ بە ماددەیه‌کی زۆری تەقینەوە دەستبەسەر کراون و، لەلایەن ئێمە و ھێزەکانی پۆلیسی ناوچەکە ده‌ستگیر كرابوون، بەرەڵا کراون و، بە ناو شاری کەرکووکدا سووڕاونەتەوە و پاشان بەرەو حەویجە ڕۆیشتوونەتەوە."

(فەرھاد حەمەعەلی) گوتیشی: "تاوانبار ھەیە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، کەچی ئازاد کراوە؛ دەیان بەڵگە و نموونەشمان لایە کە دادگای کەرکووک تیرۆریستی ئازاد کردووە، کەچی کەرەستەی تەقینەوەیان پێ بووە. ئێمە خەڵکمان گرتوقە بە  ٤٠٠ کیلۆ مادەی تەقینەوەی جۆراوجۆرەوە، بەڵام دواتر ئازاد کراوە."

بەرپرسی ھۆبەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک باسی له‌وه‌ش كرد، لەو چەند ساڵەیشدا کێشەمان ھەبووە و، تا ئێستاش بەردەوامە، خەڵک بە کەرەستەی تەقینەوەوە گیراوە، بەڵام ئەوان ئازادیان کردووە بەو بیانووەی بەڵگەی تەواو نییە.

ئەم وتانەی (فەرھاد حەمەعەلی) لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەو دادگایە لە فەیسبووکدا بە یەکێک لە تیرۆریستانی داعش ناو برا، دواتریش (نەعیمی) لە کۆنگرەێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتی کردەوە ھیچ پەیوەندی و ھاوکارییەکی لەگەڵ ئەو چەتانەدا ھەبێت.

ئەمیر بابان
 

هەواڵی پەیوەندیدار