وەزارەتی پەروەردە: ماموستایان مافی خۆیانە داوای مووچە بكهن؛ هەڵبەت با ڕەچاوی ئەم دۆخەی ئێستایش بکەن

ھەولێر-KDP.INFO- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، کە کۆمەڵێکی بچووکی ماماۆستایان خوێندنیان داکێڵاوە (بایکۆت کردووە)، گونجاو نییە و، پێویستە ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و، لەم دۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستان بگەن، ئاخر خۆ هەر ماموستایان نین کە مووچەیان وەرنەگرتووە، فەرمانبەرانیش وەک ئەوانن."
(فاتیح مەولەویزادە) گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە داکێڵانی خوێندنگاکان لەلایەن ماموستایانەوە، بە کارێکی نەگونجاو دەزانین، ھەرچەندە مافی خۆیانە داوای مووچەی خۆیان بکەن، بەڵام بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان دیارە و، تەنیا ماموستایان نین کە مووچەیان وەرنەگرتبێت، بەڵکو ھەموو خەڵکی کوردستان بەو شێوەیەنە."
(مەولەویزادە) گوتیشی: "پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین؛ ناکرێت ڕەچاوی ئەو دۆخەی ھەرێم نەکەین؛ ئێمە نزیکەی ١١٩ھەزار ماموستامان ھەیە، مافی خۆیانە داوای مووچەکەیان بکەن، بەڵام ملیۆنێکو٧٠٠ھەزار قوتابیشمان ھەیە، ئەوانیش مافی خۆیانە داوای خوێندن بکەن، جا بۆیە دەبێ ھەموو لایەک ھاوکاریی یەکتر بکەین و، ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەین و، لەم دۆخە بگەین."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ڕوونیشی کردەوە، ئەوانەی دایانکێڵاوە، ڕێژەیان زۆر کەمە، بەڵام بە داخەوە گەورەی دەکەنەوە؛ گوتیشی: "ئێمە سزای ئەو ماموستایانە نادەین کە خوێندنیان داکێڵاوە، چونکە مافی خۆیانە، بەڵام پێویستە ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و، ھاوشانی پێشمەرگە سەنگەرەکان چۆڵ نەکەن."
(مەولەویزادە) ئەوەشی خستە ڕوو، "ئێمە شوێنی پرسی دواکەوتنی مووچەمان گرتووە، بەڵام جارێ ھیچ وادەیەک بۆ پێدانی مووچەی ماموستایان دیاری نەکراوە."
بڵند ئیبراھیم




