سه‌عدی پیره: دنیا په‌یوه‌ندیی ئابووریمان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێت و قه‌رزیشمان ده‌ده‌نێ

هه‌ولێر -KDP.info- به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا به گرینگ ده‌زانێت و، پێی وایه جیا له ئاستی سیاسی له ئاستی ئابوورییەوە زۆر گرینگه هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی توندوتۆڵ‌تر بكات.
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا (سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره)، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستای ڕاگه‌یاند: "دۆخی ئێستای عێراق ئاڵۆزه و، ئاسایشی عێراق ئه‌وه‌یه وا ده‌یبینین؛ لایەکی خاكه‌كه‌ی داگیر كراوه، له ڕووی سیاسییشه‌وه هێشتا ته‌مومژ و ناهاوسه‌نگیی سیاسی ده‌بینرێت، بۆیه له‌م دۆخه‌دا گرینگه كه بابه‌تی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان په‌ره‌ی پێ بدرێت."
(پیرە) دەربارەی سه‌ردانەکەی شاندی هه‌رێمی كوردستانیش گوتی: "شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌م كاته‌دا زۆر گرینگ بوو سه‌ردانی توركیای كرد؛ گه‌رمڕاگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا به گرینگ ده‌زانم، ئاخر باسی هاوپه‌یمانەتی دژی داعش ده‌كرێت و، باسی بارودۆخی ناوچه‌كه و داعش و بابه‌تی ئابووری گفتوگۆی لێ ده‌كرێت. خۆ په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و توركیا، ته‌نیا له ئاستی سیاسی‌دا نییه، به‌ڵكو بابه‌تی ئابوورییەکەیش زۆر گرینگه؛ وا نه‌وتەکەمان لەوێوە ده‌ڕوات. له ئاستە جیهانییەکەیشدا هه‌رێمی كوردستان و عێراق دوو لایه‌نن، كه نه‌وت بناغەی ئابوورییەکەیانە، بۆیه وڵاتانی جیهان جیا له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ئابووریمان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستن و، پاره‌یشمان ده‌ده‌نێ به قه‌رز، چونكه هه‌ردوو لا بنه‌مایه‌كی به‌هێزی ئابوورییان هه‌یه كه ئه‌ویش نه‌وته".
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو کە، "نابێت وا پێشبینی بكرێت یان شرۆڤه بكرێت كه سه‌ردانی ئه‌و شانده وابه‌سته‌یه به دۆخی عێراق یان كاردانه‌وه بێت به‌رانبه‌ر به ڕێككه‌وتنەکەی هه‌ولێر و به‌غدا، نه‌خێر چونكه هه‌تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان و عێراق پابه‌ندن به ڕێككه‌وتنه‌كه‌وە و، ئه‌وه‌ی گرفته له عێراقدا نەختینەیە، ئه‌م گرفتانه چاره ده‌بن، به‌ڵام وه‌ك ئاستی دیپلۆماسیه‌ت سه‌ردانی شاندی هه‌رێم زۆر گرنگه و، ده‌بێت به‌رده‌وامیش بێ."
کارزان هەورامی




