رۆژاوای کەرکووک.. پێشمەرگە داعشیان تێکشکاند و تیرۆریستێکیش خۆی بە دەستەوە دا

ڕۆژاوای کەرکووک-KDP.info- لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەمڕۆی میحوەری ڕۆژاوای کەرکووکدا کە تا پاشنیوەڕۆ درێژەی خایاند، تیرۆریستان هیندە بە توندی بەرەوڕووی بەرپەرچدانەوەی پێشـەرگە بوونەوە، هێرشەکەیان تێکشکا و تیرۆریستێکیش خۆی بەدەستەوە دا.
سەرچاوەیەک لە پارتیی ئازادیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوارشەممە، 18.02.2015، هێزەکانی داعش جارێکی دیکە خۆیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاقی کردەوە، بەڵام دیسان شکستێکی دیکەیان بە نسیب بوو.
سەرچاوەکەی میحوەری رۆژاوای کەرکووک هەروەها گوتی، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەمڕۆدا کە تا پاشنیوەڕۆ درێژەی خایاند، زەبری پێشمەرگە هەڵۆکانی PAK جۆرێک بوو کە، ژمارەیەک لە هێزەکانی دوژمن ورەیان بەردا و روویان لە خۆ بە دەستەوەدان کرد، بەڵام زۆر زوو لە لایەن ئەمیرەکەیانەوە رێیان لێ گیرا، لە ئاکامدا، تەنیا چەکدارێکی داعش توانی خۆی دەرباز بکا و خۆی ڕادەستی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان بکات.




