باڵانسی بەغدا لە سندووقی داهاتدا بەتاڵ کراوە؛ کورد لە کوێ داهاتەکەی دەست دەکەوێ؟

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێ، سەرکەوتنی کورد لە سەربەخۆهەناردەکردنی نەوتەکەدایە، چونکە ئەو بۆچوونی وایە کە ئەقڵیەتێکی شۆڤێنی لە پشتەوەی ڕێککەوتنەکانی بەغداوەن و دەیانەوێ گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان؛ بۆیە پێویستە هەرێمیش سەربەخۆ نەوتی خۆی هەرناردە بکات و، بەو شێوەیە سەر دەکەوێت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، دەشێ هەرێم پشت بە نەوتی خۆی ببەسێت نەوەک بەغدا، چونکە بەغدا تەنانەت مووچەی هەرێمیشی پێ دابین ناکرێت.
هەرێم دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ
هەرێمی کوردستان ئەگەرچی وەک بەغدا شوێنەکەی لەسەر نەخشەی وزەی جیهاندایە، ئەگەر گرفتیکی ئابوورییش بێتە پێشەوە بۆ هەرێم، هێندە قووڵ نابێت، چونکە دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێ و بەبێ گوێدانە بەغدا دەست بەهەناردەکردنی نەوتی خۆی بکات، بەڵام ئەوە بوو لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی (حەیدەر عەبادی) و ڕێککەوتنی نێوان (عەبادی) وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق و (نێچیرڤان بارزانی) وەک سەرۆکوەزیرانی حکووومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرەنجامی کۆی ڕێککەوتنێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش هاتە کایەوە، کە تێکڕای جیهان ڕووی لە کورد بوو تا جارێکی دی یارمەتیدەری دروستکردنەوەی عێراقێکی نوێ بێ، ئەوە بوو ڕێککەوتنێک واژۆ کرا. گەلێ بۆچوونی وا لە نێو شەقامی هەرێمی کوردستانیشدا هەبوو ئەگەر جارێکی دی بەغدا تاقی بکرێتەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکرێت، ڕەنگە بۆ چارەکردنی قەیرانی داراییی هەرێم و بەغدا زۆر باش بێت، ئەوە بوو کورد لەگەڵ بەغدادا ڕێک کەوت و، بە نیەتێکی پاکەوە پابەند بوو بە جێبەجێکردنی ڕیککەوتنەکە، بەڵام دیارە ئێستا بەغدا پارەی هەرێمی کوردستان نانێری و دەڵێ، پارەی نەختمان نییە بۆ هەولێری بنێرین! ئیدی خۆ هەرێمی کوردستان دەستەوەستان ناوەستێ، ئاخۆ دەبێ پرسیارێکی کراوە لێرەوە بۆ شەقامی کوردی بەجێ بێڵین کە ئەمە نیەتی ڕاستەقینەی بەغدایە و ئایا تا سەر لەگەڵ ئەو نیەتەدا بەردەوام بین؟
ئەقڵیەتێکی شۆڤینیعەرەبی لە بەغدا حاکمە
دیارە هەرێمی کوردستان کە خاوەنی نەخشەی ڕەوانەکردنی نەوتی خۆیەتی، پێویست ناکات بە دڵتەنگی لە داهاتووی خۆی لەگەڵ عێراقدا بڕوانێ، چونکە ئەگەر نەوت داهاتی گشتیی عێراق بێ، ئەوا نەوتیش داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستانە، وەک سیاسییەکان دەڵێن، ئیدی سەرکەوتنی هەرێم لە هەناردەی نەوتەکەیدایە بە شێوەی سەربەخۆ و بە بێگوێدانە هیچ پابەندبوونێک بە بەغداوە. ئیستا وەک (عەبادی) و بەرپرساندی دیکەی کابینەکە دەڵێن، سندووقی پارەی عێراق بەتاڵە، بەڵام ڕەنگە پرسیارێکی دی ئەوە بێت ئایا باڵانسی سندووقی عێراق خۆی بەتاڵە یان بە سیاسەتێکی دیکەوە بەتاڵ کراوە؟ وەک چاودێرانی سیاسی دووپاتی دەکەنەوە کە لە بەغدا ئەقڵێکی شۆڤینی ماوە کە دەیەوێ هەمیشە دەست بۆ تێکدانی هەرجۆرە ڕێککەوتنیک درێژ بکات کە لەگەڵ کورد بێت.
(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا) مامۆستای زانکۆ و سیاسەتکۆڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت "ئەگەر تەماشای کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بکەین، بە تایبەت لە نەناردنی بوودجەدا، ھەست بەوە دەکرێت کە ئەقڵیەتێکی شۆڤینیعەرەبی لە بەغدا حاکمە، کە لەپشت ئەو ئەقڵیەتە یەک کەس نییە، بەڵکە بە شێوەیەکی گشتی دەیانەوێت کێشە بۆ ھەرێم بنێنەوە و قەیرانی تێ بخەن و، پێگەی لاواز بکەن و، لە ڕووی ئابوورییەوە بیخەنەوە ژێردەستەڵاتی بەغدا!"
جا ئاخۆ دەوڵەتێکی مایەپووچی وەک بەغدا ناتوانێ بە قەرز، لە دنیا خۆی لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکات؟ (ساڵح مەلاعومەر) پێی وایە "ئەگەر بەغدا باس لەوە دەکات پارەی نییە، بۆ پارە بۆ کارمەندانی ژێر دەستەڵاتی داعش و 'حەشدیشەعبی' نادەستوورییەکە هەیە و، بۆیشیانی دەنێرێ! کەچی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نییە! سەرۆکوەزیران ئەگەر نیازی ناردنی بوودجەی ھەرێمی ھەبووایە دەیتوانی چۆن بەشی پارێزگاکانی دی دەدات، بەشی ھەرێمی کوردستانیش بدات."
هەرێمی کوردستان کارتی بەهێزتری پێیە لەوانەی بەغدا
ئەو سیاسەتکۆڵە وەهای ڕوون دەکاتەوە "ئەگەر بەغدا بە نیازە زۆر بۆ هەرێمی کوردستان بهێنێت، ئەوا هەرێمی کوردستان کارتی بەهێزتری پێیە لەوانەی بەغدا؛ ئێستا کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە دەستی هێزی پێشمەرگەوەیە، خۆ کورد دەتوانێ سامانی ئەو ناوچانەیش وەک کارتێکی ئابووری بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی کە ناوچەی کوردستانین، خۆ خەڵکەکەیشی کوردن و کوردستانیەتیی خۆیانیان دەوێ، هەروەها داهاتی کورد لە خاکەکەیەوە دەستی دەکەوێ نەوەک لە بەغدا؛ چونکە ئەگەر بەعدا سندووقی داهاتی بەتاڵ بێ، خۆ نەوتەڵانەکانی هەرێم و کەرکووک سەرچاوەی داهاتە بۆ هەرێم؛ مادامەکینێ بەغدا زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دەهێنێت، دەبێ ھەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی دیکە ھەڵسوکەوت بکات و، بەرگری لە مافی خەڵکی خۆی بکات. ھەرێمی کوردستان لە جیاتی ئەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکات، ڕاستەوخۆ ھەناردەی بکات و، بەم شێوەیە زیاتر لە بەرژوەندیی ھەرێمدایە و، ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەھێنێت."
ھەرێم دەتوانی نەوتی زیادەی خۆی بفرۆشێت
ئەگەر بەغدا پابەندی ڕاستەقینەی بە ڕێککەوتنەکەیش بێ ئەوا بۆ کورد سوودی چییە کاتێ پارەی نەبێ بینێرێ، هەروەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د. ئەردەلان نوورەدین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ھەرێم و بەغدا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی نێوانیان دووپات کردووەتەوە و، ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ کردووە و، بەغدایش کێشەی ھەیە کە پارەی نەختی نییە، بۆیە بڕیار دراوە ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت نەفەقاتی سیادی لێ دەگێڕێتەوە و، ئەوەی دەمینێتەوە ١٧%ـی بۆ ھەرێمی کوردستانە و، ئەوەیش بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ناکات، بۆیە ئەمە بووەتە کێشە لە ڕێی ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەردوو لایەن."
(ئەردەلان نوورەدین) گوتیشی، بەغدا بڕیاری داوە کە ٤٠ ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، چونکە مووچەی پێ دابین ناکرێت و قەیرانی دارایی ھەیە و، تا چارە دەبێت بەم شێوەیە مووچە دابەش دەکرێت."
(نوورەدین) ئەوەشی خستە ڕوو، پێویستە ھەرێمی کوردستان پشت بە خۆی ببەسێت نەک بەغدا، چونکە ناتوانن بوودجەی ھەرێمی کوردستان دابین بکەن، بۆیە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە ھەرێم دەتوانی نەوتی زیادەی خۆی بفرۆشێت ئەمەیش باشە بۆ ئەوەی قەرزەکانی پێ بداتەوە.
ئێستا دەردەکەوێ کە باڵانسی بەغدا لە سندووقی داهاتەکەیدا بەتاڵە، بەڵام کورد بۆ پڕکردنەوەی باڵانسی داهاتەکەی پێویست ناکا ئیدی زۆر وابەستەی بەغدا بێ، چونکە باڵانسی داهاتی کورد لە هەناردەکردنی نەوتەکەیدایە بە تاکلایەنە و بێگوێدانە پابەندبوون بە بەغداوە.
بڵند ئیبراھیم




