نیوەی خەڵكی گوندەكانی ڕەبیعە گەڕاونەتەوە

ڕەبیعە ـــ Kdp.info ــ ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارەدێی ڕەبیعە دەڵێ گشت دامودەزگاكانی شارەدێی رەبیعە دەستیان کردووەتەوە کار و، فەرمانبەران گەراونەتەوە سەر كار؛ خەڵکێکی زۆریش گەڕاونەتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی شارەدێی ڕەبیعە (حەمو دمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان شارەدێی ڕەبیعەیان لە دەستی تیرۆرستانی داعش دەرهێنا و، ئازادیان کردەوە، فەرمانبەران گەڕاونەتەوە و، گشت فەرمانگەکانی ئەوێی حكوومەت دەستمان بە كاری خۆمان كردووەتەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شارەدێی رەبیعە گوتیشی: "ڕەوشی ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی ئارام بووەتەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە سنگەردانە بۆ پاراستنی ئەو ناوچەیە، خەڵكێكی زۆری گوندەكانی ئەو سنوورە گەڕاونەتەوە؛ دەتوانم بڵێم نیواونیوی خەڵکەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و مڵكی خۆیان".
ئەو ئاماژەی بەوەیش كرد: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، پارێزگاری دهۆك پشتیوانمانن و، هاوكارییەکی تەواومان دەکەن و، خۆراك و پێداویستی بۆ ئەو سنوورە بەڕێ دەكەن."
نەشوان بەرزنجی




