٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکرەم ساڵح: چاوەڕوانی وەڵامی یەکێتی و گۆڕانین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێ، ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان پێشنیارەکانی خۆمان خستووەتە بەردەم شاندی ھاوبەشیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەکەین؛ ھەرکاتێک وەڵامی ئەرێنییان داینەوە، ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و بەشداریکردنمان لە حکوومەتی خۆجێی سلێمانی.
(ئەکرەم ساڵح) ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ڕابردوو نێوان شاندی ھاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و، بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانی ئێمە پێشنیارەکانی خۆمان خستە بەردەم ئەوان و، ھەرکاتێک وەڵامی ئەرێنی پێشنیارەکانیان داینەوە ئامادەینە دانیشینەوە لەگەڵیاندا بۆ گفتوگۆ و، بەشداری لە حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانیدا؛ ئەگەریش داخوازییەکانی ئێمە جێبەجێ نەکرێت، لەو حکوومەتەدا بەشدار نابین".
(ئەکرەم ساڵح) گوتیشی، ئێمە لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا ھەندێک پێشنیارمان کرد بە تایبەت لە سنووری ھەڵەبجەدا، بەڵام ئەوان پێی ڕازی نەبوون، بۆیە کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ ھات تا کۆبوونەوەی دیکە دەکرێت.
ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕوونیشی کردەوە، ئێستا ئێمە چاوەڕێی وڵامی ئەرێنیی ئەوان دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی بەشداریکردنمان لە حکوومەتە خۆجێییەکەی سلێمانیدا."
(ساڵح) ڕایشیگەیاند: "کێشە سەرەکییەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوان، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجەدایە."
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار