٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: سەرۆك بارزانی پەیامێكی نوێی دایە جیهان

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ -KDP.info- (هێمن هەوارمی) ڕایگەیاند کە، (سەرۆك بارزانی) پەیامێكی نوێی دایە دنیا كە نابێت بە گوێرەی پێوەرەكانی سەد ساڵی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ ئەم ئێستایەی ڕۆژهەڵاتی‌ناویندا بکرێت.

ڕێكەوتی 18/2/2015 لە ئاكرێ‌، لە ساڵرۆژی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، سیمینارێك لە ژێژ ناوی (كوردستان لەنێو باردۆخی ئێستادا) بۆ (هێمن هەورامی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك ساز كرا.
(هێمن هەورامی) لە سەرەتایی سیمینارەكەدا باسی لەو بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستانی كرد و، ڕایگەیاند کە لە وەها کەشێکی فكری و سیاسیدا كە ناوچەكەی داپۆشیوە، پێویستە هانگاوی ژیرانە بنێین، چونكە ئێستا گەلەكەمان هەم خەریکی خەباتی ڕزگاریخوازانە و نیشتمانسازی نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەم خەریکی چەسپاندنی دیموكراسییە، ئەمەش ئەركی ئێمەی هاونیشتمانی قورستر دەكات. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی، سەبارەت بەو بارە نەخوازراوەی شەڕی تیرۆریستان و ڕوانگەی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕەكە، بەم شێوەیە بۆ ئامادەبوانی ڕوون كردەوە، "داعش" تێكەڵەیەكە لە بیری سەلەفی‌جیهادییە تەكفیرییەكان لەگەڵ شۆڤێنیزمی عەرەب، هەر بۆیە ڕووی شەڕیان وەرگێڕایە هەرێمی كوردستان هەتاوەكو لەمپەر بخەنە ڕێی پرسی سەربەخۆیی و لەبیربردنەوەی هزری سەربەخۆیی لە ناو تاكی كورد و ڕاگرتنی ڕاپرسی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و دووبارە داگیركردنەوەی ئەو ناوچانە لە بەرگێكی نوێدا، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا پێشمەرگە باڵادەستە و، وەها وانەیەكی بە تیرۆریستانی "داعش" داوە كە چیدیكە توانای گرتنی شوێن و مانەوەیان نەماوە لە ناوچە كوردستانییەكاندا."
پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەشێكی دیكەی سیمینارەكەی (هەورامی) پێكدەهێنا، كە لە ڕوانگەی هەورامییەوە، كێشەكان لە نەبوونی حوكمڕانی باشەوەیە لە نێو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغداوەیە، هەر بۆیەش ڕێككەوتنەكان دەرەنجامی ئەرێنییان نابێت. چاوەڕێ‌ دەكەین تا بزانین، ئایا كێشەكە نەبوونی پارەیە یان دووبارە گەڕانەوەی بەغدایە بۆ سیاسەتەكانی پێشووتر، هەڵبەت كوردستان كارتی دیكەی بە دەستەوەیە بۆ بەرگری لە ماف و چارەنووسی كوردستانیان.
تەوەرێكی دیكەی سیمینارەكە باسكردن بوو لە پرسی كورد لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، (هەورامی) چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی بە سەركەوتنێكی گەورەی دیپلۆماسی و بەهێزكردنی پێگەی كورد لە هاوكێشەكاندا ناو دەبات و پێی وایە: "كورد توانیوییەتی ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت لەو گەمە سیاسی و سەربازییەی كە بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە و، بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ كورد، كێشەكە چارە نابێ. كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە میونشن و بەشداریكردنی (سەرۆك بارزانی) و گرنگییەكانی بۆ ئامادەبوان شی كردەوە، كە بەشداریكردنی سەرۆك بارزانی نیشانەی ئەوەیە كە كورد ئێستا ئەكتەرێكی كاریگەرە و، هۆکارێكی گرنگە بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی‌ناڤیندا، دەبێت بە 'شۆڕشێكی دیپلۆماسی'ـی بزانین بۆ گەلی كورد؛ (سەرۆك بارزانی) پەیامێكی نوێی دایە دنیا كە نابێت بە پێی پێوەرەكانی سەد ساڵی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی‌ناڤیندا بكەن.

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار