رێبوار تاڵەبانی: جگە لە پێشمەرگە کەرکووک پێویستی بە هێزی دیکە نییە

کەرکووک-KDP.info-سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، تاوەکو ھێزی پێشمەرگە لەناوچەکە ھەبێت پێویستمان بەھیچ ھێزێکی دیکە نییە و ھەرھێزێکیش ھەبێت، پێویستە لەژێر دەستەڵاتی ھێزی پێشمەرگەدا بێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (رێبوار تاڵەبانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ھیچ بڕیارێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرنەچووە بۆ ئەوەی رێگری لە ھاتنی حەشدی شەعبی بکرێت بۆ ناو کەرکووک و ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە لای ئێمە ھیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە دەرنەچووە.
(رێبوار تاڵەبانی)گوتیشی، لەکۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەتەوەی تورکمان وعەرەب داوایان کرد ھێزێک دروست بکەن و ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە بکەن، سەرۆکی ھەرێمیش باسی لەوە کرد ئەگەر ھێزێکی رێکخراو بێت و لەژێر دستەڵاتی ھێزی پێشمەرگە بێت ئاساییە و ئێمەش ھەموو ھاوکاریەکمان پێ خۆشە، بەڵام نەک ھێزی نا یاسایی بێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک راشیگەیاند، لەئێستادا سوپای عێراق نەماوە و ھیچ سوپایەکی یاسایی نییە و لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش باسی ھێزی حەشدی شەعبی نەکراوە تاوەکو بڕیاری لەسەر بدەین.
(رێبوار تاڵەبانی) راشیگەیاند، ئێمە وەکو لیستی کوردی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تاوەکو ھێزی پێشمەرگە ھەبێت پێویستمان بەھیچ ھێزێکی دیکە نییە.
بڵند ئیبراھیم




