سیناتۆر بۆب کۆرکێر: جیهان پێویستی بە سەرۆک بارزانییە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازیی سیناتۆری ئەمەریکا (بۆب كۆركێر) رایگەیاند کە، ئەركی شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بێت، بەڵكو پێویستە وڵاتانی دیكەیش بەشدار بن و لە ڕووی فیكری و ئابوورییەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت..هاوکات (بۆب کۆرکێر) رایگەیاند کە، لە كەشی پڕ لە كێشە و قەیرانی ئێستادا (سەرۆك بارزانی) یەكێك لەو كەسایەتییە گرینگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی 2ـی 2015 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە (بۆب كۆركێر) سیناتۆری ویلایەتی تێنیسیی لە پارتی كۆماری و بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا و (ژۆزێف پێنینگتۆن) كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی ئەمەریكایی پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا سێناتۆر (بۆب كۆركێر) سەرەخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند كە گەلی ئەمەریكا پێزانینێكی زۆری بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هەروەها پەنادانی ئاوارەكان و ئەو پێكەوەژیان و میانڕۆییە هەیە كە لە كوردستاندا بەرقەرارە.
سێناتۆر (بۆب كۆركێر) وێڕای ئاماژەدان بە سەرسامیی خۆی و ئەمەریكاییەكان بە ڕۆڵی سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسیدا، ڕایگەیاند كە لە كەشی پڕ لە كێشە و قەیرانی ئێستادا (سەرۆك بارزانی) یەكێك لەو كەسایەتییە گرینگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سیناتۆر (بۆب كۆركێر) و شاندی یاوەری كرد و هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان بە باش وەسف كرد. هەروەها دەستخۆشیشی لە پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە لەو شەڕە ئاڵۆزەدا كە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش دەكرێت تەنیا بۆ یەكجاریش خەڵكی مەدەنی نەكراونەتە ئامانج و ئۆپەڕاسیۆنەكان بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچن.
لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە كە، ئەركی شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بێت، بەڵكو پێویستە وڵاتانی دیكەیش بەشدار بن و لەڕووی فكری و ئابوورییەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و و ڕێگە لە هاتوچۆیان بگرن و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت و خەڵك فێری توندڕۆیی دەكەن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و چۆنیەتیی باشتركردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان تاوتوو كرا و قسەیش لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە كرا.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و ئاییندەی سووریا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.




