٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی کوردستانیەتی کەرکووکی دووپات کردەوە..کەرکووکییەکانی دڵخۆش کرد

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیانی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ کەرکووک کوردستانیەتی ئەو شارەی دووپات کردەوە و؛ هەروا گشت کەرکووکییەکانی دڵخۆش کرد.

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیانی پارتیی دیموکراتی کوردستانی (دیاری حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:" سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ کەرکووک لەم دۆخەدا زۆر گرینگ بوو، چونکە زۆر قسە لەسەر کوردستانیەتی کەرکووک دەکرێت، بۆیە لەو روانگەیەوە کاریگەری زۆر ھەبوو، چونکە ماوەیەکە خەڵکی لە چاوەڕوانی سەردانی  (سەرۆک بارزانی) بۆ کەرکووکن و لەئێستادا بەم سەردانە ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارە بە تورکمان وعەربیشەوە زۆر دڵخۆش بوون و گۆڕانکاری لە بۆچوونیان لەبارەی کوردستانی بوونی کەرکووک دروست بووە و (سەرۆک) کوردستانیەتی کەرکووکی بۆ هەموو لایەک دووپات کردەوە.
(دیاری حوسێن) گوتیشی، چەند رۆژێک پێش ئیستا  دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پێشمەرگە دیلەکان ئازادکراون، ئەمەیش راستنەبوو بۆیە کاریگەری خراپی کردە سەر دەروونی خەڵکی کەرکووک و کەسوکاری دیلەکان، بەڵام  دانیشتنی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ کەسوکاری دیلەکان و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆیان دڵنەوایی دایە کەسوکاری شەھیدان و بەڵێنیشی پێدان کە ھەموو ھەوڵیک بۆ ئازاد کردنیان دەدات بەھەر نرخێک بێت و کاریشی بۆ دەکەن.
(دیاری حوسێن) ڕوونیشی کردەوە، دانیشتینی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ برایەتی و پێکەوە ژیان و پتەوکردنی هاوکاری زیاتر لەنێوان پێکهاتەکانەوە.
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیی لە کەرکوک_گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ھێزی حەشدی شەعبی بچێتە شوێنێک کە ئارامی تێدا نەبێت و داعشی  لێ بێت و ھەرەشەی لەسەر بێت، بەڵام لەکەرکووک ھێزی پێشمەرگە ھەیە و بەرگری لەو شارە دەکات و رێگەی نەداوە بەدەیان کیلۆمەتر لەکەرکووک نزیک ببنەوە، بۆیە شوێنی دیکە ھەیە حەشدی شەعبی بۆی بچێت لەوانە تکریت و بەغدا و رومادی و مووسڵ.
(حوسێن)ھێمای بۆ ئەوەش کرد، (سەرۆک بارزانی) باسی لەوە کرد ھەر ھێزێک بێتە کەرکووک یاخود گۆڕانکاریەک بکرێت، پێویستە بە رەزامەندی ھێزی پێشمەرگە و دەستەڵاتی ئەو پارێزگایە بێت.
ئەوەشی گوت، ئەو ناوچانە بەخوێن ئازاد کراون و بە خوێنیش بەرگریان لێدەکرێت و خەڵکی کەرکووک ئامادەیە قوربانی زیاتر بدات بۆ ئەوەی داعش نزیک نەبێتەوە و پێویستیشمان بە حەشدی شەعبی نییە و ھەرکاتێکیش پێویستمان پێیانھەبێت چۆن داوای ھاوکاریمان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد بە ھەمان شێوە داوا لە دۆستانمان دەکەین ھاوکاریمان بکەن.
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار