ئێزیدییەكان دەڵێن ئەگەر حەشدی شەعبی بێنە پێشەوە وەک داعش لێیان دەدەین

شنگال-KDP.info-فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، ئێمە وەك هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی ئێزیدی رێگە نادەین جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە لەناوچەكە جێگیر بكرێت و بهێتە ناوچەكە؛ ئەگەرنا وەك داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین و لێیان دەدەین.
فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێڵ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئێمە وەك هێزەكانی پێشمەرگە و خەڵكی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری رێگە نادەین هیچ هێزێكی دیكە جگە لە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە نیشتەجێ بكرێت و بەرگری لە خاك وكەرامەتی ئێزیدییەكان بكات.
گوتیشی، باس لەوە دەكرێت كە حەشدی شەعدبی دێتە ناوچەكە بۆ رزگاركردن و پاراستنی ناوچەكانی ئێمە، بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو هێزانە رەت دەكەینەوە و ناهێڵین نزیك شنگال و ناوچە كوردییەكان ببن، ئەگەرنا لەگەڵیان دەكەینە شەڕ.
(قاسم سمێل) ئاماژەیشی کرد کە، پێویستمان بە هیچ هێزێكی دیكە نیە، هێزەكانی پێشمەرگە بەسن بۆ رزگاركردن و پاراستنی ناوچەكانی ئێمە.
سەبارەت بە بارودۆخی شنگالیش ئەو فەرماندەی پێشمەرگە دەڵێت، بارودۆخی ناوچە ئازادبووەكان جێگیرە و هاووڵاتیان بەردەوام دەگەرێنەوە و ژیان بەتەواوەتی لەو ناوچانە ئاسایی بووەتەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە شنگالیش زیاتر لە 30% ناو شنگال لە دەست هێزەكانی پێشمەرگەدایە و چاوەڕوانی فەرمانین بۆ ئەوەی پێشڕەوی بكەین و بەرەو پێشەوە بچین".
رابین شێروانی




