ئەگەر قایمقامەتی سەیدسادق بدرێتە لیستی خزمەت، لایەنگرانی گۆڕان خۆپێشاندان دەكەن

سەیدسادق-KDP.info- دوابەدوای ڕێككەوتنی نێوان شاندی دانوستانكاری یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ لیستی خزمەت بە پێدانی پۆستی قایمقامی قەزای سەیدسادق بە لیستی خزمەت، ئێستا نیگەرانییەکی زۆر لای هەواداران و، لایەنگرانی گۆڕان لەو قەزایەدا دروست بووە و، هۆشداری دەدەنە بەرپرسەکانیان.
(ئاكۆ محەممەد) یەكێك لە دەنگەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە قەزای سەیدسادق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند بە هەموو شێوەیەك ناڕازین بە و ڕێككەوتنەی كە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان و، لیستی خزمەت كراوە بە پێدانی پۆستی قایمقامی سەیدسادق بە لیستی خزمەت، چونكە چەندین ساڵە هاووڵاتیانی سەیدسادق بە دەست سەرۆكی شارەوانی و قایمقامەوە، دەناڵێنن كە یەكگرتوو یەكێتی بەڕێوەیان بردووە.
ئاماژەیشی دا، بە گوێرەی ڕێككەوتنەكەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی ئەو پۆستە بەر یەكێتی كەوتبوو، بەڵام دواتر گوتیان دەدرێتە پارتیی دیموكراتی كوردستان؛ هەڵبەت ئێستایش دەڵێن دەدرێتە لیستی خزمەت، بەڵام ئەگەر پۆستە بدرێتە لستی خزمەت بێگومان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دەکەن، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێكی نەخوازراویش بزووتنەوەی گۆڕان و، یەكێتیی نشتیمانی لێی بەرپرسن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، لیستی خزمەت داوایان لە شاندی دانوستانكەری یەكێتی و گۆڕان كردووە، لە جیاتی پۆستی قایمقامەتیی سەیدسادقیان، قایمقامەتیی چەمچەماڵ بەڵام تا ئێستا ئەو داواكارییەش یەكلایی نەبووەتەوە.
ئاسۆ عەلی




