لە گوێڕ بووە شەڕەنارنجۆک؛ پێشمەرگە گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاند

گوێڕ- kdp.info- جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ دەڵێت، ھێزی پێشمەرگە دوێشەو گورزێکی کوشندەیان لە تیرۆریستانی داعش وەشاند و زیانی زۆریشیان پێگەیاندن و، تەنانەت بووە شەڕەنارنجۆک، بەڵام پێشمەرگە سەنگەریان چۆڵ نەکرد و، ڕێگەیان نەدا تیرۆریستان نزیک ببنەوە و، بێنە پێشەوە.
جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور وگوێڕ (ئاراز حەسۆ میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێشەو تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە لە گوندەکانی سوڵتانعەبدوڵا و جاروڵا و تەلڕیم و شەڕێکی قورس بۆ ماوەی سێ سەعات بەردەوام بوو، بەڵام خۆشبەختانە دوژمن شکەستی ھێنا و، زیانی زۆریشیان پێ گەیێندرا."
(ئاراز حەسۆ میرخان) گوتیشی، ھێزی پێشمەرگە و، تیرۆریستانی داعش زۆر لە یەک نزیک ببوون و، لە ھەندێک شوێن شەڕی نارنجۆک بووە ھێندە لە یەک نزیک بوون، بەڵام پێشمەرگە قارەمانانە سەنگەرەکانی خۆیان چۆڵ نەکرد و، بەرگرییان کرد تاوەکو شکەستیان پێ ھێنان و، گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان و، نەیانتوانی ھیچ پێشڕەویەک بکەن.
جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ ڕایشیگەیاند: "لە کاتی شکەست و ھەڵاتن بەرەو دواوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان بۆردوومانی تیرۆریستانی کرد، لە ئاکامدا ٢٦ تیرۆرست کوژراون."
(میرخان) گوتیشی، ئێستا سێ تەرمی تیرۆرستان و، بڕێکی چەکیان لێ کەوتووەتە دەستی ھێزی پێشمەرگە و، ناوچەکە ئارام بووەتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ھێزی پێشمەرگە لە بەیانیەوە ھەڵمەتێکیان بۆ پشکنینی ناوچە دەست پێکردووە و، تاوەکو ئێستایش بەردەوامە.
بڵند ئیبراھیم




