٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەبڕیارێک دەستەڵات بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەکان دیاری بکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حەفتەی دادێ راپۆرتی پڕۆژەبڕیاری دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەکان تەواو دەبێت، کە بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارە، دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستانە دەدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگاکان و، لە دەستەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدا نامێنێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەبڕیاری دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەکان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و، ئێستا لیژنەکانی ناوخۆ و یاسایی سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتن کە تاوەکو حەفتەی دادێ ئامادەی دەکەن، چونکە پێویستە پەلەی لێ بکرێت و پەسەند بکرێت."

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، بەپێی ئەو پڕۆژەبڕیارە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاد دەکرێت و، دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەکان لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت و، خۆیان کاندید دیاری دەکەن و، بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز دەکەنەوە.

(نازم ھەرکی) ڕوونیشی کردەوە، "ئەو پڕۆژەبڕیارە کاتییە تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت و، ئێستا دەمانەوێت بە یاسا ئەو دەستەڵاتە بدرێت بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان."
ئێستا دەستەڵاتی دانانی قایمقام و، بەڕێوەبەری شارەدێیەکان لە دەستەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدایە، بەڵام دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاد دەکرێت و، ئەوان کاندید بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەکەن.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار