چوارەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، لە چاوەڕوانی چوونە کۆبانیدان

کۆبانی-KDP.info- ٣٤رۆژە سێیەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانییە و، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەیش لە کۆبانی دەڵێت، کاروانێکی دیکەی پێشمەرگە ئامادە کراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بچنە شوێنەکەیان و ئەوانیش بۆ ھەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەش لە کۆبانی عەمید(موسڵیح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو ھێزەی پێشمەرگە کە وەها بڕیارە بێن و شوێنی ئێمە بگرنەوە، لە چاوەڕوانی وەڵام و ڕەزامەندیی کۆنسووڵخانەی تورکیادان، تا ڕێگەیان بدرێ بەرەو کۆبانی بە ڕێ بکەوێت و ئێمەش بگەڕێینەوە ھەرێمی کوردستان."
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەش لە کۆبانی ڕوونیشی کردەوە، تا ئەم ساتە ھەموو گوندەکانی کۆبانی بە تەواوەتی ئازاد نەکراون، چونکە لە زۆرێکی ئەو ناوچانەی ماونەتەوە تیرۆریستانی داعش بەرگری دەکەن، هەربۆیە شەڕڤانان پێویستیان بە ھێزی پێشمەرگە ھەیە و چوارەم کاروان دەگاتە کۆبانی بۆ پاڵپشتیی شەڕڤانان.
عەمید(موسڵیح زێباری) گوتیشی، ئەو ھێزەی دێتە کۆبانی، ژمارەیان ١٥٠پێشمەرگەیە.
بڵند ئیبراھیم




