سەرۆک بارزانی: هاتنی هەر هێزێك بۆ کەرکووک دەبێ بە بڕیار و لەسەر داوای ئێمە بێت

کەرکووک-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە میانی سەردانی بۆ کەرکووک، سوپاسی هەر كەس و لایەنێك کرد كە شەڕی تیرۆریستان بكەن و هاوكاریی پێشمەرگە بكەن لەو شەڕەدا. (بارزانی) ڕیشیگەیاند، "تا ئێستایش نە هەرێمی كوردستان داوای هاتنی حەشدیشەعبییان كردووە و نە حەشدیشەعبییش داوایان كردووە بێن و، هاتنی هەر هێزێكیش دەبێ بە بڕیار و لەسەر داوای ئێمە بێت."
رۆژی سێشەممە 17ـی 2ـی 2015، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی، بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئیداریی شاری كەركووك و ئاگادار بوون لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لەم میحوەرە سەردانی كەركووكی كرد.
لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەرەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە كۆ بووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا، كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان(كۆسرەت رەسووڵ عەلی) راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، (مەسروور بارزانی)، وەزیری پێشمەرگە (مستەفا سەیدقادر)، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فواد حوسێن) و پارێزگاری كەركووك(نەجمەدین كەریم) و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی و ئیداری شارەكە بەڕێوە چوو، (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی پێشكەش كرد كە تێیدا دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكان كرد كە كەركووكیان پاراستووە و شكستیان بە تیرۆریستان هێناوە لە میحوەری كەركووك. هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستان بگەنە شاری كەركووك.
لەبارەی پێشمەرگە بەدیلگیراوەكانیش، ( سەرۆك بارزانی) خانەوادەكانیانی لەوە دڵنیا كردەوە كە هەرچییەكیان لە دەست بێت بۆیان دەكەن و، ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر هەر شتێك بەسەر ئەو پێشمەرگانە بێت ئەوە باجەكەی قورس دەبێت بۆ تیرۆریستان.
لەبارەی هاتنی حەشدیشەعبییش بۆ كەركووك، (سەرۆك بارزانی) رایگەیاند، "سوپاسی هەر كەس و لایەنێك دەكەین كە شەڕی تیرۆریستان بكەن یاخود هاوكاری ئێمە بكەن لەو شەڕەدا، تا ئێستایش نە هەرێمی كوردستان داوای هاتنی حەشدی شعبییان كردووە و نە حەشدی شەعبیش داوایان كردووە بێن و هاتنی هەر هێزێكیش دەبێ بە بڕیار و لەسەر داوای ئێمە بێت."
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدایش، (سەرۆك بارزانی) گوتی "ئێمە حەز دەكەین رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا جێبەجێ بكرێت و سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد كە تەحەمولی دۆخێكی دژوار و سەختیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەوەی لە جەنگێكی سەختداین پێویستە خەڵك لە خۆڕاگرییان بەردەوام بن و تەفەهومی بارودۆخەكە بكەن؛ داوایشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد پێداچوونەوە بە ئەدای كاری خۆیدا بكات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری قەیرانەكە. لە كۆتاییشدا، ستایشی ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەی كرد كە لەنێوان لایەنەكاندا هەیە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی جەنگ و پێداویستیی سەربازیی پێشمەرگەكان تاوتوو كرا و فەرماندەكانی پێشمەرگە كۆمەڵێك پێشنیار و تێبینییان خستەڕوو.




