٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی بۆ کەسوکاری پێشمەرگە دیلکراوەکان: ئامادەین هەموو شتێك بكەین بۆ گەڕاندنەوەیان

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە دیداری لەگەڵ کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی کە لەلایەن داعشەوە بەدیل گیراون رایگەیاند، هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنیان و داوایشی لە كەسوكاری پێشمەرگەكان كرد كە سەبر و تەحەمولیان هەبێت و گوێ بە پرۆپاگەندەكان نەدەن. گوتیشی، ئەو پێشمەرگانە هێشتا لەژێر دەستی تیرۆریستاندان و ئامادەین هەموو شتێك بكەین بۆ گەڕاندنەوەیان.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 2ـی 2015، لە چوارچێوەی سەردانی بۆ شاری كەركووك، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)  بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی)، لەگەڵ كەسوكاری ئەو پێشمەرگانەدا كە لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیل گیراون، كۆ بووەوە.
لەو دیدارەدا، كەسوكاری پێشمەرگە بەدیل گیراوەكان داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە هەموو هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ ئازادكردنی دیلەكان و زانینی راست و دروستی چارەنووسی رۆڵەكانیان كە لە لایەن داعشەوە بەدیل گیراون. هەروەها سوپاسی( سەرۆك بارزانی)ـیان كرد بۆ ئەو دیدارە كە لە خەم و ئازارەكانیان كەم دەكاتەوە.
(سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا، هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ كەسوكاری پێشمەرگە بەدیلگیراوەكان نیشان دا و گوتی "كە ڕۆڵە و كوڕەكانتان ڕۆڵە و ئازیزی ئێمەن و كەسوكاری ئەوان كەسوكاری ئێمەن، لەم شەڕەدا كە شەڕی مان و نەمانە، دەبێت چاوەڕوانی هەموو شتێك  و كارەساتێك و قوربانیدانێك بكەین، لەوانە لەدەستدانی ئازیزان و شەهیدبوونی كەسوكارمان، بەڵام گرینگ ئەوەیە كە ئیرادەمان بمێنێت و نەشكێت و ئیرادەی دوژمن بشكێنین".
(سەرۆك بارزانی) پێشمەرگە بەدیلگیراوەكانی بە قارەمان و فیداكار وەسف كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنیان و داوایشی لە كەسوكاری پێشمەرگەكان كرد كە سەبر و تەحەمولیان هەبێت و گوێ بە پرۆپاگەندەكان نەدەن و هەروا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە خاوەنی ئەخلاق و رەوشتی بەرزن و، لەبەرامبەر ئەو دوژمنە بێڕەوشت و بێپرەنسیپە، رەوشتبەرزیی خۆیان دەپارێزن.
(بارزانی) ئەوەیشی بۆ كەسوكاری پێشمەرگەكان شیی كردەوە كە "ئەو پێشمەرگانە هێشتا لەژێر دەستی تیرۆریستاندان و ئامادەین هەموو شتێك بكەین بۆ گەڕاندنەوەیان و، تیرۆریستانیش بەرپرسن لە ژیانیان و ئەگەر هەر شتێك بەسەر پێشمەرگەكان بێت ئەوە تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی پاڵپشتیانن لێی بەرپرسن و بە توندترین شێوە باجەكەی دەدەن".
لە بەشێكی ئەو دیدارە،(كۆسرەت رەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا پشتگیری لە وتەكانی (سەرۆك بارزانی) كرد و ئەوەشی بە ئامادەبووان راگەیاند كە لەگەڵ عەشیرەتەكان و خەڵكی ناوچەكە لە پەیوەندیدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە دیلگیراون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار