سەرۆک بارزانی: بەیەكەوە پارێزگاری لە كەركووك دەكەین.. پێویستە ڕەوشی برایەتی و پێكەوەژیان بپارێزرێت

کەرکووک-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە کەرکووکەوە رایگەیاند كە، هێشتا تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر عێراق و ناوچەكە، هەڵبەت خەڵكی شاری كەركووكیشی دڵنیا كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگا نادرێت تیرۆریستانی داعش بگەنە كەركووك و پێشمەرگە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە بەرگری لە شارەکە و پێكهاتەكانی دەكات.
لە چوارچێوەی سەردانەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 2ـی 2015 بۆ كەركووك، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان(كۆسرەت رەسووڵ عەلی ) و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ بووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری كەركووك(نەجمەدین كەریم)، وێڕای بەخێرهێنانی (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هێزی پێشمەرگەشی كرد كە لە سایەی قوربانیدانی ئەوان خەڵكی كەركووك لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین و جەختی لەوە كردەوە كە بڕیاردان لە چارەنووسی كەركووك لە لایەن خەڵكی شارەكە خۆیەوە دەبێت.
دواتر (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكیدا بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە سەردانی شاری كەركووك و كۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەوەی خستەڕوو كە، پێویستە شاری كەركووك نموونەی پێكەوەژیانی و تەبایی و برایەتیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بێت. هەروەها داوایشی كرد كە ڕەوشی برایەتی و پێكەوەژیان لە كەركووك بپارێزرێت و لەو پێناوەشدا (سەرۆك بارزانی) پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ پارێزگاری كەركووك و ئەنجوومەنی پارێزگا راگەیاند.
سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، ئەوەی بۆ ئامادەبووان روون كردەوە كە هێشتا تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر عێراق و ناوچەكە، بەڵام خەڵكی شاری كەركووكیشی دڵنیا كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگا نادرێت تیرۆریستانی داعش بگەن بە شاری كەركووك و هێزی پێشمەرگە بە هەموو هێز و توانایەكییەوە بەرگری لە كەركووك و پێكهاتەكانی دەكات و رایشیگەیاند پێویستە ئیرادەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە كەركووك بەهێز بكرێت و كەركووك لە بەرامبەر هەڕەشە و قەیرانەكان خۆڕاگر بێت.
(سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە هەموومان بەیەكەوە پارێزگاری لە كەركووك دەكەین و داوایشی لە خوشك و برایانی مەسیحیی دانیشتووی كەركووك كرد كە، بیر لە كۆچكردن و بەجێهێشتنی كەركووك نەكەنەوە و ئیرادەی مانەوەیان بەهێز بیت و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستانی داعش هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و بارودۆخ و گوزەرانی خەڵك بۆ دۆخی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە.
لە بەرانبەردا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و سوپاسی پەرۆشی سەرۆك بارزانییان كرد بۆ بارودۆخی كەركووك. هەروەها پێزانینیشیان بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوو و جەختیشیان لە برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا، بارودۆخی ناو شاری كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر و هەروەها ئەو ناوچانەی كە لەژێر داگیركاری تیرۆریستانی داعشدان تاوتوو كرا.




