٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی: ئەگەر عێراق كێشەی دارایی هەبێت، پێویستە هەولێر و بەغدا کۆ ببنەوە.. لەگەڵ هێزە سیاسییەكانیشدا کۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) بە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدای ڕاگەیاند، پێویستە خاڵەكان و دۆخەكە زۆر بە باشی دیراسە بكرێن و ئەگەر عێراق بە شێوەیەكی گشتی كێشەی جیددی هەبێت لە بواری دارایی، پێویستە حكوومەتی هەرێم و بەغدا پێكەوە دابنیشن بۆ چارەی كێشەكان.

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ17ـی2ـی 2015 لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی دانوساندنكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كۆبووەوە كە پێك‌هاتبوو لە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت،(فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان،(ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان، (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و(رێباز محەممەد حەملان) وەزیری دارایی.
لەو كۆبوونەیەدا، شاندەكە راپۆرتی خۆی دەربارەی سەردانیان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسەلەی بوودجە و كێشە داراییەكان و هەروەها هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو.
دوای ڕاگۆڕینەوە و تاوتووكردنی ئەو راپۆرتە،(سەرۆك بارزانی) تێبینی و رێنوێنیی پێویستی لەمبارەیەوە دا و جەختی كردەوە كە، پێویستە خاڵەكان و دۆخەكە زۆر بە باشی دیراسە بكرێن و ئەگەر عێراق بە شێوەیەكی گشتی كێشەی جیددی هەبێت لە بواری دارایی، پێویستە حكوومەتی هەرێم و بەغدا پێكەوە دابنیشن بۆ چارەی كێشەكان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان خرایە بەرباس و ئەو بۆچوونانەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و گرتنەبەری ئیجرائاتی پێویست پێشكەش كراوە، قسەی لەبارەیەوە كرا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باس لەوە كرا كە شاندەكە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە بۆ گەیاندنی ئەنجامی دانوستاندنەكان و چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخەكە.
هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار