ژاپۆن پڕۆژەیەکی ژێرخانی تایبەت بە ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر پارەدار دەکات
هەولێر-KDP.info-باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لەمیانی سەردانی بۆ لای سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند کە، حكوومەتی وڵاتەكەی پڕۆژەیەكی ژێرخانى تایبەت بە ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر پارەدار دەكات كە بەم نزیكانە گرێبەستی پرۆژەكە ڕادەگەیەنن و دووپاتیشی كردەوە كە لەسەر هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17/2/2015 سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق (كازویا ناشیدا) كرد.
لەسەرەتای دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سوپاس و پێزانینی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بەرانبەر ئیدانەكردنی تیرۆركردنی هاووڵاتییەكی ژاپۆنی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە و لەهەمان كاتدا هاوسۆزى و سەرەخۆشیی خۆی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا شەهید بوون.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق هەروەها باسی لەوەش كرد كە وەك بەشێك لە هاوكارییەكانیان بۆ هەموو عیراق، حكوومەتی وڵاتەكەی پڕۆژەیەكی ژێرخانى تایبەت بە ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر پارەدار دەكات كە بەم نزیكانە گرێبەستی پرۆژەكە ڕادەگەیەنن و دووپاتیشی كردەوە كە لەسەر هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.
لە دیدارەكەدا باس لە ڕەوشی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر كرا و لەمبارەیەشەوە ئاماژە بە پێداویستییەكانی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژی داعش، كرا.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا دوایین سەرەدانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئەو ڕێككەوتنەی كە مانگی 12ی ساڵی 2014 لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، خرایەڕوو و لەو میانەشدا ئاماژە بەوە كرا بەغدا بە فەرمی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردۆتەوە كه بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوە، ناتوانن بەشە بودجەی هەرێم وەك چۆن لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە، بنێرن.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی لە هەرێم ئەنجامی داون و داوای كرد لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی داهاتوویان بۆ عیراق، بەشی هەرێمی كوردستان دابین بكەن بە شێوەیهك كە شایستەی هەرێم بێت. هەروەها باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لەو شەڕەدا كرد.




