چەند رۆژێكی دی ئاوارەكانی سەعدییە دەگەڕێنەوە

سەعدیە-KDP.info-سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ئاشكرای کرد، زیانەكانی ناحیەی سەعدییە زۆر گەورەن و پێویستیان بەبودجەی گەورە هەیە بۆ چاككردنەوەی ناوچەكە. ئەوەش دەخاتەڕوو لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاوارەكان دەگەڕێننەوە بۆ ناوچەكە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە (موسەنا تمێمی) بە كەناڵەكانی راگەیاندنی راگەیاند، بەهۆی شەڕوپێكدادانەكان، ناحیەی سەعدییەی سەر بەخانەقین زیانێكی مادی زۆری پێگەیشتووە و پێویستیشی بە بودجەیەكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ناوچەكە و بە تایبەتی دەزگا خزمەتگوزارییەكان چاك بكرێنەوە.
(موسەنا تمێمی) ئاماژەشیدا، هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی ناحیەكە چڕكردووەتەوە و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بە گەڕاندنەوەیان دەكەن.
ناحیەی سەعدییە بۆ ماوەی چەند مانگێك بە دەستی چەكدارەكانی داعشەوە بوو. دواتر لە مانگی 11ی ساڵی رابردودا ئازادكراو لە ئێستادا تەنها چەكداری شیعەی تێدایە. پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەكە ئاشكرای كرد كە ناوچەكە بەهۆی شەڕوپێكدادان و هەروا ئەو بۆمبانەی لەلایەن داعشەوە دانرابوون زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و تەواوی دەزگا خزمەتگوزارییەكانیشی روخێنراون.
كاروان جاف




