٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەخت لە نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لە نێوخۆیی هەرێم كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئێمینكی) دەڵێت، پێویستە كار بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لە نێوخۆی هەرێمی كوردستاندا بكرێت و پشتگیرییشی لە رێكخەرانی كۆنفڕانسی نەهێشتنی ئەو دیارەدەیە كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧/٢/٢٠١٥ جێگری سەرۆكی پەرلەمان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) لە نووسینگەی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازیی لە رێكخەرانی مینی كۆنفرانسی تایبەت بە یاسای چەك ژمارە ١٦-ی ساڵی ١٩٩٣-ی پەرلەمان كرد كە بە هەماهەنگی لە نێوان سەنتەری توێژینەوە و بەرێوەبەرایەتیی راگەیاندنی پەرلەمان و گرووپی خەمەكانی خەڵك ئەنجام درا.

لە گوتەیەكدا رێكخەران سوپاسی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی لە پێناو سەركەوتنی مینی سیمینارەكە پێشكەشی كردبوو، ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشیان بە پەرۆشیی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەو دیاردەیە و كاركردن لەسەر باشتركردنی هەر یاسا و بڕیارێك زانی كە پێویستی بە هەمواركردن هەبێ بە تایبەت نەهێشتنی چەكهەڵگرتن بە نایاسایی لە دەست هاوڵاتیان و پێویستە چەك تەنیا بۆ بەرگریكردن لەخاكی پیرۆزی كوردستان بێ.
هاوكات ئەو راسپاردانەیان خستە روو كە لەو مینی كۆنفڕانسە لە هەولێر و هەروەها لە سلێمانی و دهۆكیش ئەنجام دراون و داوایان كرد لە رێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندارەكان بكرێ و كاریان لەسەر بكرێت.
لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) وێڕای بەخێرهێنان دەستخۆشی لە ئەنجامدانی ئەو مینی سیمینارە كرد و دووپاتی كردەوە، "تەواوی راسپاردەكان جێگەی بایەخی سەرۆكایەتی و لیژنە پەیوەندارەكان دەبن و ئاماژەی بەوەدا، لە كاتێكی زۆر گونجاودا ئەو كارەتان ئەنجام دا كە مایەی دەستخۆشییە، چونكە لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ پێویستیی زۆری بە چەك و دابینكردنی كەرەستەی سەربازییە لە ناوەوەیش كار بكەین بۆ زیاتر چەسپاندنی سەقامگیری و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە بۆ رێگەگرتن لەئەنجامدانی تاوان و هەر دیاردەیەكی توندوتیژی".
لە كۆتاییشدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان پشتگیری و پشتیوانیی پەرلەمانی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەو جۆرە سیمینار و كۆنفڕانسانە و هەماهەنگیكردنیان لەگەڵ لیژنە و ئەندامانی پەرلەمان دووپات كردەوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار