٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان: چەسپاندنی بیری نەتەوەیی ئەركی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی كوردییە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP,info- لە یادی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوی قوتابیان و لاوانی كوردستاندا، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "ئێمە پێمان وایە چەسپاندنی بیری نەتەوەیی لای هەر تاكێكی كۆمەڵی كوردەواری ئەركێكی پیرۆزی هەمەلایەنەی كۆمەڵگای كوردییە، بۆیە پێویستە بە رۆحێكی كوردانە و نەتەوەییانە و نیشتیمانیانەی لە خۆبردووانەوە سەركەوتنی فیكریش هاوشانی سەركەوتنی برا پێشمەرگەكانمان مسۆگەر بكەین".

دەقی بەیاننامەی پیرۆزبایی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتیی دیموكراتی كوردستان

بۆ / سكرتارییەتی یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان – تێكۆشەر
سڵاوێكی گەرم و پیرۆزباییەكی بە دڵ

     مایەی خۆشحاڵی و بەختەوەریمانە لە ساڵیادی دامەزراندنی هەر دوو رێكخراوە تێكۆشەر و جەماوەرییەكەتاندا، بە ناوی خۆمان و تەواوی كادیر و ئەندام و هەوادار و جەماوەری سنوورمانەوە پیرۆزباییەكی گەرمتان پێشكەش بكەین، ئەمساڵ لە كاتێكدا ئەو یادە دەكەینەوە كە عەقڵییەتی هەمەجییەت و تاریكپەرستی شەڕی داگیركاریی كوردستانی بەرپا كردووە و دەست لە هیچ شتێك ناپارێزێت، ڕۆڵە جوامێر و چەلەنگەكانی كوردستان بە گیانی لە خۆبردوویی و كۆڵنەدانەوە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و چۆكیان پێ داداون، ئەوەیش تاكە هێزی جیهانییە زەبری گورچكبڕ بەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە بگەیەنێت.
    وەلێ بە تەنیا زەبری سەربازی ناتوانێت داڕووخاندنی ئەو عەقڵییەتە كۆنەپەرستییە بەدەست بێنێت، بەڵكو پێویستە هەموو لایەكمان پێكەوە لە ڕووی فیكرییەوە ڕووبەڕووی ئەو سیما قێزەونەی دژ بە مرۆڤایەتییە ببینەوە و سەركەوتنی خۆمان مسۆگەر بكەین، نەخاسمە توێژی زانستخوازی قوتابیان و لاوانی شورای پۆڵایین هەر وەك پێشتر مێژوویەكی پڕشنگداری خەبات و قوربانیدانیان تۆمار كردووە، ئێمە پێمان وایە چەسپاندنی بیری نەتەوەیی لای هەر تاكێكی كۆمەڵی كوردەواری ئەركێكی پیرۆزی هەمەلایەنەی كۆمەڵگای كوردییە، بۆیە پێویستە بە رۆحێكی كوردانە و نەتەوەییانە و نیشتیمانیانەی لەخۆبردووانەوە سەركەوتنی فیكریش هاوشانی سەركەوتنی برا پێشمەرگەكانمان مسۆگەر بكەین و جەهالەت و دواكەوتوویی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییەی ڕووی لە وڵاتەكەمان كردووە لە سەدەی بیستویەكدا ڕیشەكێش بكەین و لە گۆڕ بنێین، لێرەوە دەخوازین قوتابیان ئەو ئەركە پیرۆزەی خۆیان بەجێ بگەیەنن تاوەكو لاوانمان شێلگیرانەتر سەنگەری بەخوردان و مقاوەمەت بگرن.
جارێكی دیكەیش ساڵیادی دامەزراندنی هەر دوو رێكخراوەكەتان پیرۆز دەكەین، بە هیوای سەركەوتن

 ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیان

                                 
 

هەواڵی پەیوەندیدار