پێویستە باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە بخرێتە پێش هەموو كارێكی حكوومەتەوە

هەولێر -KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، دەبێت حكوومەت كار بۆ باشتركردنی ژیانی كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ و هێزی پێشمەرگە بكات و بەپەلە ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكرێن كە لەو بارەیەوە دەرچوون.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان(ئاواز حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "كۆمەڵێك بڕیار بۆ باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە دەرچوون كە زۆر گرینگن، بۆیە چاوەڕوان دەكەین دوای گەییشتنی بودجەی هەرێمی كوردستان، حكوومەت ئەو بڕیارانە بخاتە پێش هەموو بڕیارەكانی دیكەوە."
گوتیشی، "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، پێمان داگرتووە كە دەبێت ژیانی پێشمەرگە باشتر بكرێت، بۆ ئەمەیش كۆمەڵێك بڕیار لە پەرلەمان دەركراون، كە زیاتر بۆ باشتركردنی ژیانی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆیە، لە دواكۆبوونەوەی پەرلەمانتاران و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەیشدا جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە سەرجەم بڕیارەكان لەبارەی باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە و كارمەندانی ناوخۆوە ببنە ئەولەوییەتی یەكەم".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، گرینگترین بڕیارەكانی پەرلەمان لەبارەی باشتركردنی ژیانی پێشمەرگە و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەیە كە مووچەكانیان هاوتا بكرێت لەگەڵ بەغدا، دەرماڵەی ترسناك و منداڵەكانیان لە باشترین شوێنە پەروەردەییەكان و دروستكردنی خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدان و زیادكردنی مووچەیان و پێشینەی خانووبەرە و هاوسەر گیری بە بێ بەرانبەر بێت.
(ئاواز) دەشڵێت، "ئەگەر تەواوی بڕیارەكان نەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، زۆرمان هێناوە كە بڕیارە گرینگ و هەنووكەییەكان بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە".




