٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی: قوتابیان و لاوان جێگەیان لە نەخشەی داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوەبردندا دیارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (د. جەعفەر ئێمینكی) لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكیەتیی قوتابیان و یەكیەتیی لاواندا رایگەیاند، مایەی شانازییەكی گەورەی ئەو دوو رێكخراوەیە كە دەبینن لە مێژووی پڕ لە سەروەریی خۆیاندا بە سەدان سەركردە و بەرپرس و كادیری بەرچاویان پێگەیاندووە و لە هەموو قۆناخەكاندا جێگەیان لە نەخشەی داڕشتنی سیاسەت و بەرێوەبردندا دیار بووە و هەر ئەو سەركردانەیش شانازی بەوەوە دەكەن كە رۆژانێكی تەمەنیان لەم دوو رێكخراوە تێكۆشەرەدا بەسەر بردووە و قوتابی و لاوی ئەو رێبازە بوون.

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەرێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و یەكە یەكەی ئەندام و لایەنگرانی هەردوو رێكخراو یەكیەتیی قوتابیانی كوردستان و یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان.
لە بیرەوەریی 62 ساڵەی دامەزراندنی هەردوو رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان، سڵاو و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سكرتێر و مەكتەبی سكرتارییەت و تەواوی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو رێكخراوی تێكۆشەر و كۆڵنەدەری هەرێمی كوردستان دەكەین.
بێگومان كاریزمایی و بیرتیژیی باوكی رۆحیی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان (بارزانی مستەفای نەمر) لە مێژووی بزاڤی رزگاریخواز‌ی گەلی كوردستان و لە شۆڕش و سەرهەڵدانەكاندا هەمیشە بە ئاراستەی هێنانەكایەی دواڕۆژێكی روونتر و ئاییندەیەكی گەشتر بووە بۆ ئەوەی رەهەندی بیركردنەوە و ستراتیژییەتی كار و خەباتی تاكی كوردستانی روون بێت و لە داكۆكیكردن لە مافەكانی خۆیدا بۆ هەموو‌ قوربانیەك ئامادە بێت.
(بارزانیی نەمر) وەك‌ یەكەمین پاڵپشت و پشتگیری لاوان و قوتابیان و ئافرەتان، داوای كرد كاری رێكخراوەیی گەشەی پێ بدرێ و كۆمەڵگەی كوردستانی لە چوارچێوەیەكی پیشەییدا ماف و ئەركەكانی بێنێتە دی.
خەباتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان سەربەرزانە رێگەی سەختی سەنگەری كوردایەتی و سەختی و دژوارییەكانی بڕی و سەرەڕای خەباتی پیشەیی، قوتابیان و لاوان هەمیشە لەبەرەی گەلدا بوونە و هاوشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە سەنگەری خەبات و بەرخودان و بەرگریكردندا سەرقافڵەی قوربانیدان و خۆبەختكردن و گیانفیدایی بوون كە تا ئەمڕۆیش لەسەر هەمان رێباز بەردەوامن و لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیان بە خاكی پیرۆزی كوردستان بەخشی.
مایەی شانازییەكی گەورەی ئەو دوو رێكخراوەیە كە دەبینن لە مێژووی پڕ لە سەروەریی خۆیاندا بە سەدان سەركردە و بەرپرس و كادیری بەرچاویان پێگەیاندووە و لە هەموو قۆناخەكاندا جێگەیان لە نەخشەی داڕشتنی سیاسەت و بەرێوەبردندا دیار بووە و هەر ئەو سەركردانەیش شانازی بەوەوە دەكەن كە رۆژانێكی تەمەنیان لەم دوو رێكخراوە تێكۆشەرەدا بەسەر بردووە و قوتابی و لاوی ئەو رێبازە بوون و بەردەوامن لە خزمەتكردن بەگەلەكەیان و هەمیشە سەری ڕم و شوورەی پۆڵایینی كوردستان بوون.
پەرلەمانی كوردستان لە سۆنگەی بڕوای تەواوی بە مافە پیشەیی و دیموكراسییەكانی خەباتی رێكخراوەیی بە گشتی و لاوان و قوتابیان بە تایبەتی، لە دانیشتنی رۆژی 19/9/1999 ی خۆیدا بڕیاری ژمارە (10)-ی پەسەند كرد كە رۆژی 18-ی شوباتی هەموو ساڵێكی بە رۆژی قوتابیان و لاوان ناوزەد كرد.
ئەمڕۆیش كە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دوو رێكخراوە بەرز رادەگرین لە هەلومەرجێكی سەخت و دژواردا دەبینین هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەوپەڕی ورەبەرزییەوە لەبری جیهانی ئازاد و دیموكرات شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات و هەرێمی كوردستان وەك نەوایەكی ئارام هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە خۆ دەگرێ و پەرە بە گیانی برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان دەدات و سەرەڕای قەیران و ئاستەنگەكان، بەڵام بە پشتیوانیی هاووڵاتیانی كوردستان و ورەبەرزیی هێزی پێشمەرگە و ئێوەی خۆشەویست بەسەر ئەو ئاستەنگانەیشدا زاڵ دەبین و گەلەكەمان سەركەوتن و سەرفرازیی یەكجارەكی بەخۆوە دەبینێ.
سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی یەكیەتیی قوتابیانی كوردستان و یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و گشت شەهیدە سەربەرزەكانمان..

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار