٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەگەر بەغدا پارەی نەنارد رێگەچارەی هەرێم چییە؟ كارتە بەهێزەكانی هەرێم كامەن؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (د. مەحموود عوسمان) دەڵێ، كورد دوو رێگەی لە بەردەمە و یان ئەوەتا پارە لە بەغدا وەربگرێ بە هەر جۆرێك بێ، یا ئەوەتا نەوتی خۆی بفرۆشێ و ئیدی گوێ بۆ بەغدا نەگرێ. پەرلەمانتارێكیش بۆچوونی وایە، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە نەهێڵی كورد تووشی قەیران بێت؛ هاوکات مامۆستایەكی زانكۆ هۆشداری دەدات لە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتێكی موفلیسدا.

بەغدا لەگەڵ ئەوەی لە جەنگێكی درێژخایەندایە، خەریكە دەست بۆ یاری بە ئاگر دەبات؛ لەلایەک دڵشكاندنی سوننەكان و لەلاكەی دیكەوە نەناردنی بوودجەی هەرێم و هەروا دروستكردنی گرووپی میلیشیای جۆراوجۆر، ئەمانە هەمووی نیشانەیەكن كە ئیدی ئەگەر بەغدا پێڕۆی ئەو سیاسەتە بكات تەمەنی سیاسیی ئەو كابینەیەیش درێژ نابێت.

بەغدا كە دەڵێ پارەمان نییە ڕاست ناكەن
هێشتا دووكەڵی جەنگی داعش ئاماژەیە بۆ وێرانكاریی گەلێك شاری دیكەی عێراق؛ چونكە جەنگ كۆتایی نەهاتووە كەچی بەغدا دەیەوێ جەنگێكی دیکەی ئابوورییش بەرپا بكات. دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لەگەڵ ئەوەی بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە و بەشداریی كورد لە كابینەی نوێی حكوومەت كەوتووەتە سەر پێ، بەڵام جارێكی دی دەیانەوێ بە پاساوی نەبوونی پارە و خۆدزینەوە لە شەرعیەتی رێككەوتن، مووچە و بوودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكەن كە بە گوێرەی بوودجەی گشتیی عێراق دەبوو پشكی هەرێم مانگێكە رەوانە كرابا.
گەلێک تێڕامان هەن كە ئایا بەغدا راست دەكات كە  پارەی نییە بۆ هەرێمی بنێرێ؟ لێرەوە ئەركی سیاسییەكانە بۆ ئەوەی بزانرێت نیەتی بەغدا چییە و ئایا بەغدا لە قەیرانێكی قوڵی ئابووریدایە؟ بەر لە وەڵامی ئەو پرسیارە گرینگ ئەوەیە كە جارێكی دی نیەتپاكیی هەرێمی كوردستان بۆ عێراقییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدیار كەوت، كە پێرێ لە بەغدا شاندی كوردی بە سەرۆكایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) خشتەی رەوانەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا روون كردەوە و هەموو لایەك ددانیان نا بەوەدا كە هەرێم پابەندی رێككەوتنەكەیە، بەڵام ئەوەی كە تێبینی كرا بەغدا بوو كە دەڵێ ئیفلاسمان كردووە و پارەمان نییە بۆ هەرێمی رەوانە بكەین.
پێوەست بەم پرسە كەسایەتیی سیاسیی كورد (د. مەحموود عوسمان) دەڵێ، "بە شێوەی كرداری بەغدا كە دەڵێ پارەمان نییە ڕاست ناكەن؛ ئەی چۆن پارەیان هەبوو مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عیراقیان داوە هیی ئەم مانگەیش لەم رۆژانە دابەش دەكەن، ئەی  بۆ هەرێمی كوردستان پارە نییە، بە رای خۆم بە راستی نازانم".

عێراق دەتوانێت قەرز بكات
ئایا دەشێت ئەو قسەیەی بەرپرسانی بەغدا كە دەڵێن پارەمان نییە مەبەستیان خۆدزینەوە نەبێ لە رێككەوتنەكە؟ دەربارەی ئەم پرسیارە ئەندامی پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئێمە نازانین چۆن بچینە ئەو پەرلەمانەی كە ناتوانێت گوشار بخاتە سەر ئەو حكوومەتە و مووچەی فەرمانبەران بنێرن، من وەكو نوێنەری ئەو خەڵكە باوەڕم وایە کە، ئەگەر بیانەوێت پارە بدەن دەتوانن، چونكە بۆ مووچەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیان داوە، بەڵام بۆ مووچەی هەرێم پارە یان نەماوە؟ دەوڵەتی عێراق هەژار نییە تا ئەو قسانە بكات و ئەگەر نەشیبێت دەتوانێت قەرز بكات".

دەكرێ كورد لەگەڵ دەوڵەتێكی موفلیس درێژە بە رێككەوتنی بدات؟ سەبارەت بەم پرسیارە مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی (د. عەبدولحەكیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتێكی موفلیس ئەگەر كێشە لەسەر ئیفلاس بێ ئەوكاتە كێشە نییە، ئەگەر بەردەوامیش بین لەسەر رێككەوتنەكە هەركاتێك داهات گەیشت با بەغدا پارەكە بنێرێ،‌ بەڵام ئەگەر باسەكەی نەبوونی پارە تەنیا بیانوویە، ئەوا بەڕاستی نابێتە هۆی ئەوەی ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئەو رێككەوتنە، چونكە عێراق دەوڵەتە و هەرێمی كوردستان بەشێكە لەو دەوڵەتە، لە حاڵەتی قەیرانی دارایییشدا دەوڵەت دەتوانێ‌ قەزری نێودەوڵەتی وەربگرێت، چونكە بۆ دەوڵەت ئاساییە".

بە گوێرەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێ بە رەوانەكردنی ٥٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە كە ٢٥٠ هەزار بەرمیلی لە كێڵگەكانی هەرێمەوە رەوانە دەكات و ٣٠٠ هەزار بەرمیلیش لە كیڵگەی نەوتی كەركووكەوە رەوانەی بەندەرەكانی جیهانی دەكات، لە بەرانبەردا بەغدا تەواوی ئیستحقاقی هەولێر رەوانە بكات، وەك بودجە و مووچە و هەروا بوودجەی هێزی پێشمەرگەیش، لە ئێستا كە بەغدا دەڵێ پارەی نەختمان نییە بیدەینە هەرێمی كوردستان، لە دیتی كەسایەتییە سیاسییەكانەوە پێویستە كاردانەوەی هەرێم چی بێ؟ پێوەست بەم پرسەوە كەسایەتیی سیاسیی كورد (د. مەحموود عوسمان) گەڕانەوە بۆ بڕیاری (سەرۆك بارزانی) بە پێویست دەزانێ و دەڵێ، پێویستە لەژێر سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان كۆ ببنەوە و هەڵوێستێكی جیددی وەربگرن".

دەبێ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی كوردستان بێت
هاوكات (عەبدولحەكیم خەسرۆ) بە پێویستی دەبینێ کە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران (نێچیرڤان بارزانی) جارێكی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق كۆ ببێتەوە و وردتر لەسەر ئەو رێككەوتنە قسە بكەن؛ بە تایبەت چۆنچۆنی عێراق لەو قەیرانە رزگاری ببێت و ئەو قەرزەی هەرێم كە كردوویەتی بیخاتە سەر عێراق و بكرێت بە قەرزی دەوڵەت؛ هەروا رێككەوتنێكی دی لەبارەی رەوانەكردنی نەوتەوە بكەن و لەگەڵ دەستكەوتنی هەر داهاتێك پیشكی هەرێم یەكڕاست رەوانە بكرێت.
هەڵبەت (نەجیبە نەجیب)ـیش وای بۆدەچێت كە، هێشتا دەرگاكان بۆ گفتوگۆ ماون لەوكاتەی بەغدا پابەند نەبوو بەو رێككەوتنەوە، دەبێ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی كوردستان بێت لە رووی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە، چونكە هەرێم لە جیاتی هەموو جیهان لە جەنگدایە كە جەنگی دژ بە داعش دەكات، بۆیە لەسەر ئەوانیش پێویستە رێگەیەك بۆ هەرێم بدۆزنەوە تا نەكەوێتە قەیرانی داراییەوە؛ یان ئەوەتا رێگە بە شێوەیەكی تەواو بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بدەن. ئەوەتا هەرێم جگە لەوەی پابەندی رێككەوتنە، ئاوارەیەكی یەكجار زۆریشی لە ئەستۆیە كە بوونەتە بارگرانیی زۆر بۆ هەرێم، بۆیە ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە نەهێڵێ هەرێم تووشی قەیرانی دارایی بێت.


كورد دەبێت بیر لەوە بكاتەوە داهاتی خۆی پەیدا بكات
(د.مەحموود عوسمان) باوەڕی وایە کە كورد دوو رێگای لەبەردەمدایە، یان دەبێت پارە لە بەغدا وەربگرێت، کە ئەگەر بڕیار بێ بەغدا بیدات و، ئەگەر نەشیدا كورد دەبێت بیر لەوە بكاتەوە داهاتی خۆی پەیدا بكات؛ قسە لەگەڵ دەوڵەتانیش بكات لەو بارەیەوە، چونكە كە بەغدا پابەند نەبوو و گوتی پارەم نییە، دەبێت كوردیش پابەند نەبێت و هەوڵ بدات نەوتی خۆی بفرۆشێت.

کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان پێویستە
بۆچی بەغدا لە رێككەوتنەكە دوودڵە؟ ئایا وەك دەگوترێ سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) لەژێر گوشاری گرووپێكی شیعەدایە یان ئەوەتا باڵێكی حیزبی دەعوە دەیەوێ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا تێك بدات، لەمبارەیەوە (د. مەحموود) دەڵێ، كاتی خۆی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كراوە دیارە  وردەكارییەكان هەمووی نەنووسراون و هەر لایەك بە شێوەیەك شیكردنەوەی ڕاڤەی بۆ دەكات؛ لەبەر ئەوە كە چوون بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ كردن ئێستا گەڕاونەتەوە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەیەكەوە كۆ ببنەوە و باسی بكەن بزانن چی پێویستە بیكەن، ئەگەر دەتوانن لەگەڵ بەغدا كێشەكە چارە بكەن باشە، ئەگەرنا یەكڕاست كورد دەتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت و بیداتە مووچە و بوودجە و پێداویستییەكانی هەرێم.
شەقامی كوردییش وەك ئەوەی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنووسرێت و بڵاو دەکریتەوە، هەمان ئەم بۆچوونەی  (د، مەحموود عوسمان)ـیان هەیە بەوەی كە، كورد با لەسەر رێڕەوی رەوانەكردنی نەوتی خۆی بەردەوام بێت و ئیدی بەغدا فەرامۆش بكات.

هاوكات (د. عبدولحەكیم خەسرۆ)ـیش دەڵێ، سیاسەتی عێراق زۆر ئاڵۆزە، چەندین فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی دەستیان لێی‌ داوە و چەندین ئەكتەر و لایەن و دەستەبژێر و هێزی سیاسی بە شێوازێكی گشتی دەستیان هەیە لەناو سیاسەتی عێراق، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكدەنگ بن لەم بارەدۆخە هەستیارەدا و نابێت هیچ كەڵێنێك بەجێ‌ بهێڵن.

هەروا (نەجیبە نەجیب) وای بۆ دەچێت كە ئەگەر سیستەمێكی تەوافوقی دیموكراسی و دەستووری هەبێت ئەوا بەغدا چۆنچۆنی دەتوانێ بڵێ پارەی هەریم نانێرم، بەغدا نیەتەكەی ئاڵۆزە و پێویستە كورد بە فرۆشتنی نەوتی خۆی دەرگای جیهان زیاتر بە رووی خۆیدا بكاتەوە.

نەشوان بەرزنجی 

هەواڵی پەیوەندیدار