٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی پەرلەمان: گەورەبوونی داعش هێمای فەشەلهێنانی دەوڵەتی عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

ستۆکهۆڵم - KDP.info- (د. یووسف محەمەد سادق)، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "هاوکێشە نیوەدەوڵەتییەکان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، کورد دەتوانێت لە ململانێی ناوچەکەدا، سوود لەو ململانێیە وەربگرێت، چونکە ئەو وڵاتانەی ئەوسا کوردستانیان دابەش کرد، ئێستا دۆستی ئێمەن. گەورەبوونی داعش هێمای فەشەلی دەوڵەتی عێراق و دەرەنجامی کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردووی عێراقە.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی کۆڕێکی کراوەدا بوو، کە دوێشەو، فیدراسیۆنی کۆمەڵە و ڕیکخراوە کوردییەکانی ستۆکهۆڵم بۆیان ساز کرد و، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمان ئامادەی بوون.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، باسی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و شەڕی دژ بە تیرۆرستان و، ئازایەتی پێشمەرگەی لەو شەڕەدا کرد. ئاماژەی بەوە دا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕیت. سوپاسی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە خۆڕاگرانە دانیان بە خۆیاندا گرتووە و، نزیکەی ساڵێک دەبێ لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێ نادرێت. ڕەخنەشی لەوەگرت کە جاران لە هەرێمی کوردستان تەنیا پشتمان بە نەوت بەستووە، بۆیە تووشی ئەم قەیرانە بووینە. لەبارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "ئێستا پێشمەرگە بووەتە سیمبوڵی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لە جیهاندا، هەڵبەت داعش وانەیەک بوو بۆ هەموومان کە دەبێت چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سەرجەم بوارەکاندا بکەین."
لە کۆتاییەکەی کۆڕەکەیشدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، داوای لە ڕەوەندی کوردی کرد هاوکاریی هەرێمی کوردستان بن لە بوارە جیاوازەکاندا و، فشارێکی زیاتر بخەنە سەر وڵاتەکانیان بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار