ئارام شێخ محه‌ممه‌د:جگە له تێكچوونی دۆخی ئه‌منی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی دارایی ڕووی لە عێراق كردووه

هه‌ولێر - KDP.info- (ئارام شێخ محه‌ممه‌د) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، دۆخی عێراق ته‌واو ئاڵۆز بووه و جگە له تێكچوونی دۆخی ئه‌منی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی دارایی ڕووی له وڵات كردووه.
(ئارام شێخ محه‌ممه‌د) جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دۆخی عێراق زۆر مه‌ترسیداره، چونكه گرفته‌كه ته‌نیا ئه‌وه نییه داعش هاتووەته وڵاته‌كه و په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان و مووسڵ و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی داوه، به‌ڵكو قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی دارایی و گرفتی سیاسی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی دیكه دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزكردووه، ئێمه‌ش وه‌كو هه‌رێمی كوردستان دۆخێكی تایبه‌ت ترمان هه‌یه، به تایبه‌تی به‌شێكیان مێژوویین و به‌شێكیان له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق تا سه‌رده‌می (نووری مالیكی) له‌گه‌ڵمان هاتوون كه له سه‌رده‌می (مالیكی)ـدا گرفت گه‌یشته ترۆپك و، ڕادەی لێكجیابوونه‌وه، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته كشانه‌وه‌ی وه‌زیره كورده‌كان و، بڕینی قوتی خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه ئێستا به‌م هه‌موو گرفتانه‌وه ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین و، ده‌بێت بشزانین چۆن به‌سه‌ر ئه‌م گرفتانه‌دا زاڵ ببین.
(ئارام شێخ محه‌ممه‌د) گوتیشی: "ئێستا یه‌كگرتووییەکەی كورد له هه‌موو شت گرنگتره، چونكه دوژمنێكی گه‌وره‌مان بۆ دروست بووه، داعش ده‌ستی كردووه به شه‌ڕێكی تایفه‌گه‌ری له ناوچه‌كانی خواروی عێراق و، شه‌ڕێكی نه‌ته‌وه‌یش له‌گه‌ڵ كورد ده‌كات؛ په‌لاماره‌كانی چڕ كردووەته‌وه بۆ ناوچه کێشەلەسەرەکان، به‌تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی ئێمه به ناوچه‌ی كوردستانییان ده‌زانین، بۆیه زۆر گرنگه ئێمه له به‌غدا یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بین، به تایبه‌تی له‌سه‌ر بابه‌تی بوودجه هه‌موومان یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌وڵوێست بووین و توانیمان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنن، له بابه‌تی 'حه‌شدی‌شه‌عبی'ـیش هه‌موومان یه‌كده‌نگ بووین؛ بۆ بابه‌تی 'پاسه‌وانی نیشتمانی'ـیش ئێمه قسه‌ی خۆمان هه‌یه؛ با به هه‌ر بیانوویەك بێت و له‌ژێر هه‌رناوێكیشدا بێت، ناهێڵین جارێكی دیكه هێزێك له ده‌ره‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بوونیان هه‌یه و به كرده‌وه ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه پارێزه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ن".
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕوونیشی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌چووایه‌ته ئه‌و ناوچانه ئه‌وه هاوشێوه‌ی دیاله و مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقی لێ ده‌هات، له كاتێكدا پێشمه‌رگه بۆته پارێزه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه بۆیه مه‌حاڵه جارێكی دیكه ڕێگه بده‌ین له‌ژێر هه‌رناوێك ئه‌و هێزانه‌ی خاكیان بۆ داعش چۆڵ كرد بێنه‌وه ناو ئه‌و ناوچانه كه ئه‌مه‌ش پێویستی به‌یه‌ك گوتاری و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌یه."




