٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرچاوەیەک: پێویستە خەڵکی مووسڵ کەمێکی دی ئارام بگرن.. هەڵمەتی ئازادکردنی نزیکە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  سەرچاوەیەکی نزیک لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆریستانی داعش ئاشکرای کرد، دۆخی تیرۆریستانی داعش لەنێو مووسڵ تەواو شڵەژاوە؛ جەختیش لەو هێڵە بەرگرییە دەکاتەوه کە داعش بە دەوری مووسڵدا کێشاویەتی، ئەویش بۆردوومانی هێزی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکان نەک هەر لاوازی کردوون، بەڵکە وەها لێکی دابڕیون کە ئیدی تەنیا ماوە هێرش بکرێت و خەڵکی شارەکەش لە دەستی داعش رزگاری ببێت. دەشڵێت ئەو هەڵمەتە گەلێک نزیکە.

 

سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆریستانی داعش  کە نەیویست ناوی ببرێت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، دۆخی داعشەکانی ناو مووسڵ و ژیان تێیدا شڵەژاوە، ئاخر خەڵکی چاوەڕێن هەرچی زووە لەو دۆخەی کە تێی کەوتوون ڕزگاریان ببێ.


ئەو سەرچاوە باڵایەی کە نەیویست ناوی ببرێت زانیاریی دا، "داعش هێڵێکی بەرگری هەیە بە قووڵایی ١٥کم، ئەو هێڵە بەرگرییە بۆ ناوەندی مووسڵە بە ئاراستەی کۆی میحوەرەکانی شەڕ -باکوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و باشوور- تەواو لاواز بووە و ئیدی ئەوانیش دەزانن کە توانای خۆڕاگرتن و بەرگرییان نەماوە."
ئەو جەختی کردەوە کە، "چەندین جارە بە نامە ئەمیری تیرۆریستان (ئەبوبەکر بەغدایی) لە هۆکاری شکستی گەورەی مووسڵ ئاگادار کراوەتەوە، دیارە کە (بەغدایی)ـیش هیچ رێگەچارەیەکی نەماوە، بەتایبەت دوای ئەو شکستە گەورەیەی کە لە میحوەری مەخموور و گوێر لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بردی، ئیدی بە تەواوەتی بێوەرە بوون و لە دۆخێکی یەکجار شڵەژاودا دەژین."

سەرچاوەکە لاوازبوونی داعشی لە میحوەرەکان و شڵەژانی ژیانی لە نێوەندی شاری مووسڵ وەها باس کرد کە، تۆپخانە و مووشەکهاوێژەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و گورزی هاوپەیمانانیش لە چوارچێوەی ئاسمانەهێرشەکانیانەوە، لە کۆی ئەو بەرانەی شەڕ بەو قووڵاییی ١٥کیلۆمەترە، تەنگی بە تیرۆریستانی داعش هەڵچنیوە کە تیرۆریستە بیانییەکان سەرپەرشتیی دەکەن.

هۆکارێکی دیکەی ئەو شڵەژان و ترس لێنیشتنەی تیرۆریستانی داعش لە بەرەکانی شەڕ لە هەر چوار لای مووسڵەوە، بە گوتەی سەرچاوەکەی نزیک لە هاوپەیمانان، شکستە یەک لەدوایەکەکانی داعش لە هەریەک لە میحوەرەکانی شنگال، مەخموور-گوێڕ و کەرکووکە و، هاوکات هەموو ئەو کوژراوانەن کە بە هۆی ئەو شکستانەیان داویانە، ئەم دۆخەیش نیگەرانیی زۆری ناوەتەوە و وایلێهاتووە نەخۆشخانەکانی مووسڵ پڕ بوون لە بریندارانی داعش و هەروا لاشەی کوژراوانیشیان ترسی لای تیرۆریستان دروست کردووە.


وەک سەرچاوەکە دەڵێ، هۆکارێکی دیکە کە ئەویش ترسی خستووەتە دڵی داعشانەوە، نزیکبوونەوەیە لە کۆتاییهاتنی مەشقی هێزە عێراقییەکان و سازدانیان بۆ جەنگی ئازادکردنی مووسڵ کە، بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هاوپەیمانەتیی نیودەوڵەتیی دژ بە تیرۆریستان بەرپا دەکرێ و، تیرۆریستانیش چاک دەزانن کە پاڵپشتیی پێشمەرگە لەو هێزانەی کە دەیانەوێ مووسڵ رزگار بکەن، یەکجار قورسە بۆ داعش بتوانێ کە خۆی لەبەر زەبری هێزی پێشمەرگە و ئەو تاکتیکە سەربازییەی بگرێ کە هەیبەتی داعشەکانی پێ‌شکاندبێ.


بەپێی ئەو زانیاریانەی ئەو سەرچاوە باڵایە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دان، ئەو بەرەیەی تیرۆریستانی داعش کە بەو قووڵاییی ١٥ کیلۆمەترەی کە پشیووتر گەلێک بەهێز بووە، ئێستا تێک چووە و کەلێنی تێکەوتووە. نەک هەر کەلێن، بەڵکە بە هۆی گورزی هاوپەیمانانەوە کەناڵەکانی پێوەندییان پێکەوە پچڕێنراوە و پەرتەوازە بوون.
گوتیشی، داعش کە هێزی شەڕکەری گورزوەشێنی هەیە و کە لە بیانییەکان پێک دێ، هەروەها کە جەیشی خەلافەیشی هەیە، لە ئێستادا وەها لاواز بوون توانای نەک هەر هێرشبەری، لە بەرگریکردنیش بۆ لەدەستنەدانی ئەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتوون، درزی تێ‌کەوتووە. هەڵبەت سەرچاوەکە جارێکی دی جەخت دەکاتەوە کە، هۆکارەکەیشی ئەو بۆردوومانە چڕ و بە دیققەتەیە کە بڕبڕەی پشتی هێزەکەیانی لێک ترازاندووە.


یەکیکی دی لەو هۆکارانەی داعشی تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر و ترس کردووە، ئەو هێزانەی عێراقن کە براونەتە بەر مەشق کە، ئێستا لە قۆناخەکانی دوایی ڕاهێنانن و وەهایش بڕیارە بەمنزیکانە هەڵمەتی ئازادکردنەوەی مووسڵ بەرپا دەکەن.


هەروەها سەرچاوەکە گوتیشی کە ئێستا داعش دەیەوێ خەندەق لێ بدات، بەڵام داعش لەنێو خۆیاندا باسیان‌کردووە کە لەنێو خەندەقیشدا ناتوانن خۆیان لەبەر ئەو زەبرە گورچکبڕانە بگرن بەریان دەکەوێ و ئەو رێگەیەش دادیان نادات.
سەرچاوەکە هەروەها موژدەی نزیکبوونەوەی ڕزگارکردنی مووسڵیش بە خەڵکی شارەکە دەدات و، داوایشیان لێ دەکات، "کەمێکی دی ئارام بگرن و داعش بەرەو نەمانە".

هەواڵی پەیوەندیدار