ئامادەكارییەكانی رزگاركردنی شنگال تەواو بوون

شنگال-KDP.info- بەرپرسی میحوەری شنگال دەڵێت، تیرۆریستانی داعش دوو ڕۆژە لەناو شنگال لە جووڵە كەوتوون و هیچ هێزێكی وایان لەو ناوچەیە نەماوە تا هێرش بكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵكو ئەوانەی ماویشن دەستیان بە تەقاندنەوەی خانوو و فەرمانگەكانی حكوومی كردووە و رۆژانە خانووی هاووڵاتیان دەكەنە ئامانج، هەروەها بۆ ئازادكردنی ئەو شارە ئامادەكارییەكان تەواو بوونە.
فەرماندەی لیوای هەشت و بەرپرسی میحوەری شنگال (هاشم سیتەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتیی كوردستان دەڵێ، "ئازادكردنی شنگال زۆری نەماوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا مزگێنیی ئازادكردنی شنگال و ئەو ناوچانەی سەر بەو شارۆچكەیەن، بە خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین، ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە پلانیان داناوە و هەموو ئامادەكارییەكانیش بۆ ئازادكرنی ئەو شارۆچكەیە تەواو بوونە.
(سیتەیی) گوتیشی، "داعش لە ناو شنگال دوو ڕۆژە هیچ جموجۆڵی نییە، تەنانەت دەنگی تەقەیش بە كەمی دەبیسترێت، ئەویش هێزەكانی پێشمەرگە مۆڵگە و بارەگاكانی داعش بۆردوومان دەكەن، ئەگەرنا ئەوان جگە لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیان هیچی دیكە ناكەن".
بەرپرسی میحوەری شنگال ئاماژەیشی دا، ورەی پێشمەرگە ئەوەندەی چیاكانی كوردستان بەرزە و هەر شوێنێك رووی تێ بكات لە ماوەیەكی كەمدا ئازادی دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچەیە دەگەڕێنێتەوە، ئیدی ئەو كاتە بەسەر چوو كە داعش دەست بۆ ناوچە ئازادبووەكان درێژ بكات و داگیریان بكاتەوە، بەڵكو ئێستا كاتی رزگاركردنی ئەو ناوچانەیە كە لە ژێر دەستی تیرۆستاندا ماون.
رابین شێروانی




