٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆكاری دابەشنەكردنی 50 یەكەی نیشتەجێبوون لە سیروان ئاشكرا بوو

سەرچاوە: KDP.info

سیروان-KDP.info- ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە 50 یەكەی نیشتەجێبوون لە ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ كەمدەرامەتان و كرێنشینانی ئەو ناحیەیە دروست كراون، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو یەكانە دابەش بكرێن. سەرۆكی شارەوانیی سیروانیش ئاماژە بەوە دەدات، ئیرادەیەكی بەهێز بۆ دابەشكردنی ئەو یەكانە نییە.

سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی سیروان (لەتیف عەبدوڵڵا) كە لەسەر پشكی یەكگرتووی ئیسلامی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە 50 یەكەی نیشتەجێبوون لە ناحیەی سیروان تەواو بوون كە بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتانی سیروان دروست كراون، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو یەكانە دابەش بكرێن.

ئاماژەیشی دا كە هۆكاری دابەشنەكردنی ئەو یەكانە بۆ نەبوونی ئیرادەیەكی بەهێز دەگەڕێتەوە، بۆ دابەشكردنیان هاوكات ناوی هەندێك كەسی دیكەیش لە ڕێگەی حزبێكی دیاریكراوەوە بە شێوەیەكی نایاسایی خراوەتە نێو ئەو لیستەوە كە بڕیارە یەكانیان بەسەردا دابەش بكرێت، ئەوەیش نیگەرانیی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و كرێنشینی لێ كەوتووەتەوە و گرفتی بۆ ئەوانیش دروست كردووە، چونكە بە گوێرەی ڕێنماییەكان ئەو كەسانەی خراونەتە نێو لیستەكەوە ناتوانن لە وەرگرتنی ئەو یەكانە سوودمەند ببن.

سەرۆكی شارەوانیی سیروان باسی لەوەیش كرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ئەو یەكانە دابەش نەكراون، لە ڕاستییەوە دوورن و دەتوانرێت ئەو یەكانە دابەش بكرێن كە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لە چاوەڕوانیی دابەشكردنی ئەو یەكانەدان.
ئاسۆ عەلی

هەواڵی پەیوەندیدار