پارتی پەرەی زیاتر بە پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی دەدات

هەولێر-KDP.info- لە درێژەی كار و چالاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان زنجیرە دیدارێكی لەگەڵ كۆنسووڵخانەی چەندین وڵات لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا و لە گشت دیدارەكانیشدا جەخت لە پتەوكردنی پێوەندیی دیپلۆماسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ وڵاتاندا كرایەوە.
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی (12/2/2015) پێشوازیی لە كۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد. لەم دیدارەدا باسی بەشداریی (سەرۆك بارزانی) لە كۆنفڕانسی ئەمنیی میونشن و كاریگەرییەكانی ئەو بەشداریكردنە و ڕۆڵی بەهاداری كورد لە دانیشتن و دیبەیتەكانی ئەو كۆنفڕانسە كرد.
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و ڕوونكردنەوەی هەڵوێست و سیاسەتەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی تیرۆریزم و ئاساییشی نەتەوەیی و جیهانی و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیكی و فیكریی داعش و ئەو دید و دەستانەی كە لە بەرانبەر هەرێمی كوردستاندا كاریگەرییان هەیە، باس و خواستی دانیشتنەكانی نێوان هەردوولا بوون.
هەر لە درێژەی ئەم سەردان و چاوپێكەوتنانەدا، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی (15/2/2015) (هێمن هەورامی) سەردانی كۆنسووڵخانەی هەر یەك لە وڵاتانی ڕووسیا و چین و كۆریای باشوور و ئیتاڵیا و میسری كرد. ئەم دیدارانە لە ڕاستای ڕوونكردنەوە و زیاتر وردبوونەوە بوون لەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و ناوچەكە و ئاڵوگۆڕی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە هەر یەك لە گرووپی تیرۆریستیی داعش و گرووپی میلیشیای حەشدی شەعبی و ڕاڤە و شرۆڤەی سیاسەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەمبەر دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و ئەو گرووپ و تاقمانە.
پەیوەندیی دیپلۆماسی و گۆڕینەوەی بیروڕاكان بۆ تێگەییشتن لە پنتە جیاوازە سیاسی و ئابوورییەكان، مۆدێرنترین میتۆدی هەر وڵات و هەرێم و حزبێكی پێشكەوتووی ئێستان و پارتیی دیموكراتی كوردستانیش لە چوارچێوەی هزرە نیشتمانی و جیهانییەكانی دونیای ئێستای سیاسەتدا، كار لەسەر دروستكردنی زۆرترین پەیوەندیی فرەڕەهەند دەكات تا ئەو پرسە نەتەوەییەی كە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا هەوڵی بۆ داوە، لەسەر ئەرزی واقیع و بە شێوەیەكی لۆجیكیانە پڕاكتیزە بكات.
سەنگەر هەورامی




