خانووی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ دەكرێن

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەكیەتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان راگەیاند، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران ناچار بكرێن بۆ تاپۆكردنی خانوو و یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەكانیان، بڕیارێك لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە دەردەكرێت.
گوتەبێژی یەكیەتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان (یاسین مەحموود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بڕیارێك لە ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە دەردەكرێت تا وەبەرهێنەران ناچار بكرێن خانوو و یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكەن.
(یاسین) گوتیشی، بەو بڕیارە وەبەرهێنەران ناچار دەكرێن خانووەكان لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكەن، هەر وەبەرهێنەرێك پابەند نەبێت، ئەوا ئیجرائاتی توندی لەگەڵدا دەكرێت.
ڕوونیشی كردەوە، 155 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتیان پێ دراوە و بەپێی بەرنامەی حكوومەت و وەبەرهێنەران، لە ماوەی ئەمساڵدا 80%-ی ئەو یەكانەی ماون لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ دەكرێن.
گوتەبێژی یەكیەتیی وەبەرهێنەران دەشڵێت، تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر خاوەنەكانیان وەكو رێوشوێنی تاپۆكردنی هەر موڵكێكی دیكە دەبێت، بەڵام دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەر شارێكەوە مامەڵەكان پێشكەش بكرێن.
یەحیا سابیر




